هۆشداری دەدەنە ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم ئێران

گەورە وڵاتانی ئەوروپا

رووداو دیجیتاڵ

سێ گەورە وڵاتی ئەوروپا هۆشداری دەدەنە ئێران لە زیادکردنی یۆرانیۆم کە ماددەیەکی گرنگە بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی.  لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن "بە توندی داوا لە ئێران دەکەین کۆتایی بەم چالاکییە بهێنێت."
 
ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە، داوا لە ئێران دەکەن ئەگەر مەبەستی بێت لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا بمێنێتەوە، بەبێ دواکەوتن بۆی بگەڕێتەوە.
 
 سێ وڵاتەکەی ئەندام لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن، بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم هیچ متمانەیەکی مرۆیی نییە و ئامانجێکی سەربازیی جیددی لە پشتە.
 
بە گوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کە لە 2015دا بە بەشداریی ئەمریکا، چین، رووسیا و گەورە وڵاتانی ئەوروپی واژۆی لەسەر کرا، نابێت تا 15 ساڵ ئێران یۆرانیۆمی دەست بکەوێت.
 
هەفتەی رابردوو راپۆرتێکی نهێنیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوبووەتەوە کە دەڵێت، ئێران هەنگاوێکی گەورەی بە ئاراستەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ناوە، جۆرە ماددەیەکی دەست کەوتووە کە پێویستیی سەرەکی دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمییە.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی کەمتر لە هەفتەیەک بەر لە کۆتاییهاتنی ئیدارەی ترەمپ هات. ئیدارەی ترەمپ لە کۆتا هەفتەیدا گوشارەکانی بۆ سەر ئێران چڕ کردوونەتەوە. ئێرانی بە داڵدەدانی سەرکردەکانی قاعیدە تۆمەتبار کردووە و هەفتەی رابردووش دوو دامەزراوەی دەوڵەمەندی سەر بە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سزادا.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شەوی شەممە 2021/01/16 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە کە ئێران 15 ماددەی دیاریکراوی وەکو "ئەلەمنیۆم، پۆڵا و ئاسن" لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیدا بەکاردەهێنێت، سزا بەسەر چەند کۆمپانیایەکی چینی، ئیماراتی و ئێرانیدا دەسەپێنێت کە سەرەڕای ئەوەی زانیویانە کۆماری ئیسلامی ئەو ماددانە بە مەبەستی دروستکردنی چەک بەکاردەهێنێت، بەڵام بەردەوام بوون لە بازرگانیکردن لەگەڵی.
 
بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی کە لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوبووەتەوە، ئێران بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکەی گوتووە ئەو ماددانەی دەست کەوتووە و لە چەند مانگی داهاتوودا لە بنکەیەکی ئەتۆمیی شاری ئەسفەهان یۆرانیۆمی پێ دروست دەکات.
 
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن رۆیشتنی ئێران بەو ئاراستەیەدا لە دەستکەوتنی ئەتۆم نزیک دەبێتەوە کە دەتوانێت لە جەنگیشدا بەکاریبهێنێت.
 
رۆژی چوارشەممە 2021/01/13 کازم غەریب عەبادی، باڵیۆزی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە هەژماری خۆی لە تویتەر پشڕاستی کردەوە کە ئێران یۆرانیۆم بەرهەم دەهێنیت. دانی بەوەشدانا کە لە ناوەندی توێژینەوەی ریاکتۆری سڤیلی تاران بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە جۆرێکی نوێی سووتەمەنی دەدەن.
 
ئێران دەڵێت چوار بۆ پێنج مانگی پێویستە تاوەکو دەزگاکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی تۆزی یۆرانیۆم بەرهەم بهێنێت کە کانزای یۆرانیۆمی لێ دروست دەکرێت.
 
لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئێران بە ئاراستەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی روویداوە. چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەستیان پێکردووە.
 
لەگەڵ سەپاندنی سزاش لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە، ئێران دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاتر، لەژێر چەتری رێککەوتنی ئەتۆمیدا لەم بوارەدا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە.
 
بە گوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کە ئەمریکا لە 2018وە لێی کشاوەتەوە، دروستکردنی کانزای یۆرانیۆم قەدەخەیە. جۆ بایدن ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت لەگەڵ ئێران پەیوەندیی دیپلۆماسی خۆش بکاتەوە و بگەڕێنەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەوتنە لە رووە تەکنیکییەکەیەوە لەوانەیە ئاسان نەبێت. ئەم پێشکەوتنانەی ئێرانیش لە بواری زیادکردنی بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراودا لەوانەیە تاران رووبەڕووی سزای قورستر بکاتەوە.
 
دیپلۆماتکارە رۆژئاواییەکان دەڵێن، ئێران بۆ ئەوە ئەم کارە دەکات بۆ ئەوەی بایدن ناچار بکات سزاکانی سەر تاران هەڵبگرێت و بە خێراییش بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی.
 
بە بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆم و رێگریکردن لە چاودێرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، تاران دوو بژارە بۆ بایدن دەهێڵێتەوە: گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی یاخود هەڵگیرساندنی شەڕێک لەگەڵ ئێران.
 
دوای کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ناوداری ئێرانی کە تاران دەیخاتە ئەستۆی ئیسرائیل، پەرلەمانی ئێران لە کانوونی دووەمی 2020ـدا داوای لە حکومەت کردووە بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو بگەیەنێتە 20٪ و، ئەگەر ئەمریکا سزاکان هەڵنەگرێت لە ماوەی پێنج مانگیشدا کانزای یۆرانیۆم بەرهە مبهێنێت، بەڵام لەسەر کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەش ئیسرائیل هیچ قسەیەکی کردووە.
 
ئەگەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بگاتە 90٪، کانزای یۆرانیۆم رۆڵێکی کاریگەر و سەرەکی لە بەرهەمهاتنی چەکی ئەتۆمیدا دەگێڕێت. ئەو کات ناوکی ماددەکە دروست دەبێت، بە تەقاندنی ئەو ماددەیە کاردانەوەی زنجیرەیی ئەتۆمی گڕدەگرێت و تەقینەوەی ئەتۆمی دروست دەکات. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین