نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەمەریکا کوردستان- عێراق

نوچەنێت

دوای ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکەم کەشتی نەوت گەیشتە ئەمەریکا، بەپێی زانیارییەكان وا بڕیارە چەندین کاروانی تری نەوتی هەرێم دەگاتە بەندەرە جیهانییەکان.

ڕۆژی شەممە (2025.12.6) ماڵپەڕی (پەیمانگای واشنتن) بڵاویکردەوە، لە (24)ــی تشرینی دووەمی (2025) دوو مانگ پاش کردنەوەی هێڵی بۆڕی عێراق و تورکیا، کەشتییەکی نەوت هەڵگر کە نەوتی خاوی لە هەرێمی کوردستانی هەڵگرتبوو و لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەڕێکرا و لە ئێستادا گەیشتۆتە ئەمەریکا.

شارەزایانی بواری نەوت دووپاتی دەکەنەوە، "واشنتن بۆ دەیان ساڵە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە کەرتی وزەی عێراقدا و دڵنیایی دەدەن کە بە گوێرەی دەستووری (2005) مافی بەڕێوەبردنی هاوبەشی کورد دەچەسپێندرێت لە داهاتوودا و هاوسەنگی هاندانی کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێ وەک چۆن پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان یارمەتیدەر بوو لە دانوستاندن و چەند ڕێککەوتنێکی پێشووی بەغدا و هەولێر لەسەر دابەشکردنی داهاتی نەوت". 

وەک ئاشکرایە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی گرنگە بۆ کۆمپانیا جیاوازە ئەمەریکییەکان کە دەیانەوێت وەبەرهێنان و پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن بەهەمان شێوە پشتیوانی ئەمریکا لە سەرمایە ئابوورییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە وەبەرهێنانی زیاتر لەم کەرتەدا.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە (2025/9/27) هەریەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەكان بە فەرمی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیان راگەیاند. وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە، لە راگەیێندراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەرەبەیانی ئەمرۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە رێگەی هێڵی عێراقی توركی دەستی پێكردەوە".

لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێكدا دەڵێت، "کاتژمێر (7:00)ی بەیانیی ڕۆژی شەممە (27)ی ئەیلولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک-جەیهان بە سەرکەوتووانە دەستیپێکردەوە".

هەمان ڕۆژ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) باسی دانووستاندنەکان و ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ ئەوەی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕیککەوتن بکەن و نەوت هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە".

د. ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کردووە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆڵى سەرەکى لە رێککەوتنى سێقۆڵى نێوان وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان هەبووە.

کۆتایی مانگی ئاداری (2023) بە بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو و چەندین کۆبوونەوەی جیاواز، دانووستاندن و ڕێککەوتنەکان، دواجار حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و ڕۆژی پێنجشەممە (25/ ئەیلوول/2025) محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، "گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە تێیدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لەو کێڵگانەى کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لە ڕێگەی بۆری عێراق تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین