کەنەدا بڕیارێک لە بەرژەوەندیی سووریا دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

کەنەدا سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەرهێنا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی وڵاتانی هاوپەیمانان بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سووریا".

ڕۆژی شەممە (2025.12.6) ماڵپەڕی (جەزیرە) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "لە هەنگاوێکی تری وڵاتاندا بۆ پاڵپشتیکردنی سووریا کەنەدا ناوی سووریای لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر لابردووە و دەستەی تەحریری شامـیشی وەک تیرۆریست هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام سزاکانی سەر (56) کەسایەتیی سووریا بەردەوامە و هێشتا ماوەتەوە چونکە ئەوان بەرپرسانی پێشووی سەردەمی ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکانیان کە دەستیان هەبووە لە پاڵپشتی کردنی ڕژێمی ئەسەد".

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە ڕاگەیێندراوەکەدا دووپاتی دەکاتەوە، "ئەم بڕیارانە هاوکاتن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی بە بەردەوامی لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە دەدرێن سەبارەت بە سووریا تاوەکو بتواندرێت هاوکار بێت لە پاڵپشتی کردنی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا".

لە (2012)وە کاتێک شەڕی ناوخۆیی لە سووریا سەری هەڵدا و پێشێلکاری فراوان دژی خۆپیشاندەران ئەنجام درا، کەنەدا ناوی سووریای خستووەتە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆردا و سزای بەسەر دەستەی تەحریر شامدا سەپاند چونکە پەیوەندییان هەبوو لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدەوە.

ئەم هەنگاوەی کەنەدا دوای ئەوە دێت کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا، دەستەی تەحریری شام کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا هێنا و حوکمڕانیی وڵاتەکەی گرتە دەست.، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا لە سەرەتای ئەمساڵدا لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند، "سووریا پێگەی سەرەکی و ڕاستەقینەی خۆی لەنێو نەتەوەکانی جیهاندا بەدەست دەهێنێتەوە، کار دەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین