ئیسرائیل پلانێکی قەتەر و تورکیا ڕەتدەکاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

هەریەکە لە قەتەر و تورکیا پێشنیاریان کرد چەکەکانی حەماس بگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتی فەڵەستین یان بخرێنە ژێر چاودێری نێودەوڵەتییەوە، بەڵام ئیسرائیل ڕایگەیاند، "هەر پلانێک بۆ چەک داماڵینی حەماس و ڕێگەدان بە گروپەکە بۆ هێشتنەوەی کاریگەری لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە قبووڵکراو نییە".

ڕۆژی دووشەممە (2025/12/8) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی وڵاتانی تورکیا و قەتەر پلانێکیان لەبارەی چەکداماڵینی حەماسەوە پێشکەش کرد، ئیسرائیل بە تووندی دژی پلانەکە وەستایەوە و دەڵێت، "هەموو جۆرە پلانێکی لەم شێوەیە ڕەتدەکرێتەوە و دەبێت چەک داماڵین لە ماوەی چەند مانگێکدا تەواو بکرێت". هاوکات ئیسرائیل ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "کە بە تووندی دژی بەشداریکردنی هێزەکانی تورکیایە لە هەر ئەرک و هەنگاوێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە".

چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی باس لەوە دەکەن، "ئیسرائیل ئامانجییەتی بیر لە شێوازێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە بکاتەوە لە ناوچە جیاوازەکانی فەڵەستین و لە شوێنی چەک، سیاسەتی نەرم بوونی هەبێت و بە شێوازێکی سڤیلییانە کە بۆ هەموو هاووڵاتییان گونجاو بێت ناوچەکان بەڕێوە ببردرێن و دوور بێت لە کاریگەری حەماس".

بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان، "حەماس هەوڵی کۆکردنەوەی هێزەکانی دەدات و ئامانجییەتی کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی حەماس بکات، لەبەر ئەوە پێویستە ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی گەورە و گرنگ ئەنجام بدات بۆ ئەوەی چەکەکانی حەماس دابماڵێنێت". هەفتەی رابردووش حەماس ڕایگەیاند، "لە ئەگەری وەستاندنی داگیرکارییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، گرووپەکە ئامادەیە چەکەکانی بگوازێتەوە بۆ ئەو دەوڵەتەی کە لە داهاتوودا دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا دەبێت".

بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، "لەوەتەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین جێبەجێ کراوە لە (11)ـی تشرینی یەکەمی (2025)وە، (373) هاووڵاتی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و (970) بریندار بوون  و کۆی گشتی قوربانییانی جەنگەکە لە (7)ـی تشرینی یەکەمی (2023)وە گەیشتووەتە (70,360) هاووڵاتی گیان لەدەستداوە و (171,047) هاووڵاتیش بریندار بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین