ئەمەریکا مەرجی نوێی بۆ عێراق هەیە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

کۆنگرێسمانێکی کۆماری ئەمەریکا هۆشداری بە عێراق دەدات و دەڵێت، "تەنیا لە ئەگەری پچڕانی پەیوەندییەکانی نیوان عێراق و گرووپە میلیشیاییە جیاوازەکان یارمەتییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق بەردەوام دەبێت و پێویستە بەغدا ڕێز لە ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ڕۆژی چوارشەممە (2025-12-10) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، "کۆنگرێس ئامادەیە مەرجی نوێ بخاتە ناو یاسای دەسەڵاتی بەرگری نیشتمانیی ئەمەریکا بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ئەوەی هەنگاوی ڕاستەقینە و جددی بنێن دژی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و تەنیا بە مەرجی نەهێشتنی پەیوەندییان هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق بەردەوام دەبێت". هاوکات باس لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "دەبێت بەغدا ئاسایشی هەرێم پارێزراو بکات و ڕێگە لە هێرشەکانی سەر هەرێم بگرێت".

ویلسۆن ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "ستایشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مارک ساڤایا، نێردەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات کە دەستێکی باڵای هەبووە لە گرتنەبەری هەنگاوەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە عێراق چونکە ئامانجی ئەوان بریتییە لە دووبارە مەزن کردنەوەی عێراق بۆ ئەم وڵاتەیان ڕوون کردووەتەوە کە کارکردن وەک جاران لە پشتیوانیکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران قبووڵکراو نییە و کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە میلیشیا جیاوازەکان بێت لە عێراقدا".

بە گوتەی کۆنگرێسمانەکەی ئەمەریکا، "ئامانجی ئەمەریکایە ئەو گۆڕانکارییە لە ڕێگەی یاسادانانەوە جێبەجێ بکات. عێراق هەلی گەشەکردنی بەرچاوی هەیە ئەگەر میلیشیاکان بوونیان نەبێت لەم وڵاتەدا، کۆنگرێس ئامادەیە پشتگیری لە سەرۆکی ئەمەریکا بکات و بڕگەیەکی نوێ لە یاسای دەسەڵاتی بەرگری نیشتیمانیی دابنێت کە بۆ یەکەم جار یارمەتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق مەرجدار بکات".

جۆ ویڵسن دەشڵێت، "دەبێت حکومەتی عێراق دامەزراوە دادوەرییەکان، سوپا و پۆلیسی عێراق لە بەرژەوەندی گەلی عێراق کار بکەن و دوور بن لە هەموو جۆرە کاریگەرییەکی دەرەکی و پێویستە بەغدا ڕێز لە ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت و ڕێگە بە هێرشکردنە سەر هەرێم نەدات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین