مەزڵووم عەبدی: کێشەکانی هەسەدە لە سوریا لەچەند رۆژێکی كەمدا چارەسەر نابن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، پابەندی ڕێککەوتنی 10ی ئازارین و چاڕلز لیستەر کەسایەتی نزیک لە ئەحمەد شەرعیش دەڵێت، گرژییەکان ڕوو لە زیادبوونە و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکان لەگەڵ هەسەدە لە ئارادایە.

ڕۆژی هەینی (13/12/2025) مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بۆنەی ساڵێک بەسەر ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری پێشووی سوریا، ڕایگەیاند، "ئێمە وەک هێزەکانی سوریای دیموكرات و هێزە سەربازییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سووریا، پابەندین بە رێککەوتنی 10ی ئازار" بۆیە ئێستا "وڵاتانی دراوسێ وەک جاران دوژمنایەتیمان ناکەن و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە" و خۆشبەختانە "ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سوریای نوێدا، بەو پێیەی چەتری سیاسی هێزەکانی سوریای دیموكراتە." فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەوەشی ڕاگەیاند، کە "کارکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە حەسەکە، دێرزور و رەقە بەردەوامە، پێویستە ئەم شارانە بە پێی پرەنسیپی نا ناوەندی خۆیان بەڕێوەببەن."

هەر لەم بارەیەوە چارڵز لیستەر، بەرێوەبەری پرۆگرامی سوریاو گەورە لێكۆڵەر لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پێشنیازەکانی حکومەتی نوێی سوریای بۆ هێزەکانی هەسەدە خستووەتە ڕوو، کە پێکهاتووە لە، "یەکخستنی سێ فیرقەی سەربازی، یەکخستنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە وەزارەتی ناوخۆدا، یەکسانی تەواو لە هاوڵاتیبون و مافە مەدەنییەکان بۆ کورد، داننان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی، گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئاراستەکردنی وەبەرهێنانی راستەوخۆی دەرەکی و داهاتی گشتی بۆ ناوچە کوردیەكان گونجاو بێت لەگەڵ رێژەی دانیشتوانیان، نوێنەرایەتیكردنی کورد لە وەزارەتەکان و پۆستە باڵاکانی حکومەت، لەوانەش وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ".

چاڕلز لیستەر هەر لەم ڕاگەیێندراوەدا گووتیشی، "هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی لەسەر زەوی نەناوە" سەرەڕای ئەوەی بە بەشداری ئەمەریکا دانوستانەکان لەگەڵیان بەردەوامە، بۆیە دوای ئەوە "دیمەشق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە 31ی کانوونی دووەمەوە رێککەوتنی چوارچێوە بە پووچەڵ و هەڵوەشاوە بزانێت" لیستەر هۆکاری گرژییەکانی بۆ "قەدەغەکردنی ئاهەنگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی روخانی رژێمی ئەسەد و بەردەوامی دروستکردنی تونێلی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا" گەڕاندەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین