ژیانی ئاوارەكانی غەززە لە مەترسیدایە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

چاودێری مافەکانی مرۆڤی یۆرۆ مێد ڕایگەیاند، "دوای دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام هێشتا زۆربەی دانیشتووانی غەززە لە ئاوارەییدا دەژین و سەدان هەزار خانوو ڕووخاون یاخود بە کەڵکی ژیانکردن نایەن". ژمارەی گیانلەدەستدراوان لە غەززە لە سەرەتای جەنگەکەوە گەیشتە (70,663) هاووڵاتی.

ڕۆژی دووشەممە (2025/12/15) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی چاودێری مافەکانی مرۆڤی یۆرۆ مێد، "هەزاران خێزان کە لەژێر خێوەتگەکاندا ژیان دەکەن ڕووبەڕووی مەترسی زریانی زستانەوە بوونەتەوە چونکە بارانێکی زۆر و ڕەشەبا دەبێتە هۆی ڕووخانی پەناگەکان، بەهۆی زریانەوە زیاتر لە (20) هەزار خێوەتگە تێکشکان". ڕێکخراوە چاودێرەکە دووپاتی دەکاتەوە، "هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە وێرانکردنی ناوچە نیشتەجێبووەکان، هاووڵاتییانی سڤیل سەختترین کاتەکانی ژیانیان بەڕێدەکەن و دووچاری سەختییەکانی زستان بوونەتەوە".

لە لایەکی ترەوە ڕێکخراوی مانگی سووری فەڵەستینی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "بەهۆی کەشوهەوای سەختەوە زیانی گیانی و ماددی ڕوویداوە، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە شوێنی ژیانکردنیان گونجاو نییە و لە شوێنی ناسەلامەت ڕۆژەکانی ژیانیان بەسەردەبەن".

میدیاکانی فەلەستین رایانگەیاند، "ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست و شێوازی جیاوازی بۆ پێشێلکارییەکانی گرتووەتە بەر وەک هێرشی ئاسمانی جیاواز، هێرشە دەریاییەکان، وێرانکردنە بەردەوامەکان، زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان، هەروەها فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردە سەر ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە ناوچەکانی نزیک خان یونسیان تۆپباران کرد". 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل (391) فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و (1,063) هاووڵاتی بریندار بوون. کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە (7)ـی تشرینی یەکەمی (2023)وە گەیشتە (70,663) گیانلەدەستدراو و )171( هەزار و )139( بریندار.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین