سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە جیهان هاوکاریی زیاتری پەنابەران بكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بەردەوامی هاوکاری لە وڵاتانی جیهان دەکات بۆ پەنابەران و ڕایدەگەیێنێت، "بەرگریکردن و پاراستنی مافی پەنابەرێتی کۆڵەکەیەکی بنچینەیی یاسای نێودەوڵەتییە لە جیهاندا".

ڕۆژی سێشەممە (2025/12/16) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "دەبێت کاری جددی بۆ پاراستنی پەنابەران بکرێت، بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و پەنابەران و پشت بە خۆیان ببەستن و شکۆمەندانە داواکارییەکانیان بکەن". گوتێرێز هۆشداری دەدات و دەڵێت، "بارودۆخی پەنابەران لە جیهاندا خراپتر بووە".

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە، "پێویستی پشتیوانی زیاتر بۆ ئەو وڵاتانە کردەوە کە ژمارەیەکی زۆری پەنابەران ڕووی تێدەکەن". ڕاشیگەیاند، "وڵاتانی داهاتی مامناوەند و کەم نزیکەی سێ لەسەر چواری پەنابەرەکانی جیهان پێکدەهێنن". 

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە ئامارەکانی گەڕانەوەی پەنابەرەکان دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "بەهۆی گۆڕانی دۆخی وڵاتانەوە پەنابەران لە سەرانسەری جیهانەوە نیازی گەڕانەوەیان هەیە بۆ وڵاتە ڕەسەنەکانیان بۆ نموونە، گەڕانەوەی ملیۆنێک سووری بۆ وڵاتەکەیان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کە بە هەماهەنگی و هەوڵەکانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بووە لە هاوکاریکردنی پەنابەراندا".

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی کرد لەبەرامبەر هەموو داکۆکیکردن و هەوڵەکانی پاراستنی پەنابەران لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆریان ڕووبەڕووی ناخۆشی و دۆخی سەختی جیاواز بووبوونەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین