عێراق پێشوازی لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ستایشی دەنگدانەکەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی هێزی سەربازیی دژی عێراق، ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە چوارچێوەی یاسایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات".

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/12/18) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیێندراوێکی سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا ڕاگەیاند، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "پێشوازی لەو بڕیارە کرد، عێراق چاوەڕوانە پرۆژە یاساکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە واژۆی لەسەر بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت، "هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بنەمایەکی نوێی پەیوەندییەکانی نیوان عێراق و ئەمەریکایە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق دامەزراوە و کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت لە وڵاتەکەدا و هاوبەشی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن بەهێز دەکات".

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق پرۆژە یاساکە بۆ جیهان دووپاتی دەکاتەوە، "کە هەنگاوەکە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە عێراق لە ئێستادا شوێنێکی ئارام و سەرنجڕاکێشە بۆ وەبەرهێنان و پابەندبوونی حکومەتی عێراق بە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دووپات کرایەوە کە لەسەر بنەمای  هاوبەشییەکی درێژخایەن پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بنیات دەنرێتەوە و بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بەرەو پێش دەبات و پشتیوانی لە سەقامگیری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات".

دوێنێ چوارشەممە (2025/12/17) ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بە گوژمەی (901) ملیار دۆلار پەسند کرد، لە بڕگەیەکی پڕۆژەیاساکەدا ئەمەریکا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین