وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ئەفسەرەكەی کەرکووک لەلایەن دوو پۆلیسەوە کوژراوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: باخان ڕەزا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاریی کوشتنی ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی کەرکووکی ڕایگەیاند و دەڵێت، ڕووداوەکە "تیرۆریستی نییە"، بەڵکو لەلایەن دوو پۆلیسەوە ئەنجامدراوە کە هاوکاری کوژراوەکە بوونە.

لە ڕاگەیێندراوێكدا، كە ڕۆژی هەینی (19/12/2025) وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوەی تایبەت سەرکەوتوو بوون لە ئاشکراکردنی تاوانەکە، دەرکەوتووە عەقید (زەید عادل سەبیح) قوربانیی ناکۆکییەکی کەسی و تاوانکاری بووە لەگەڵ دوو کارمەندی پۆلیسدا، نەک کردەوەیەکی تیرۆریستی.

سەبارەت بە چارەنووسی تۆمەتبارەکان، هێزە ئەمنییەکان دوای ناسینەوە و بەدواداچوونی ئۆتۆمبێلەکەیان، توانیویانە شوێنەکەیان دەستنیشان بکەن، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان پێش دەستگیرکردنی، لە ناوچەی (لەیلان) لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، تۆمەتباری دووەمیش، کە برای خۆکوژەکەیە، لەلایەن هێزەکانەوە دەستگیرکراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەدا ناوە.

ڕووداوی کوشتنەکە لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک ڕوویداوە، عەقید زەید لەبەردەم ماڵەكەی لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە تەقەی لێدەكرێت و بەر سنگ و ملی کەوتووە و بەر لەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.

عەقید زەید عادل سەبیح، کە لە پێکهاتەی کریستیانە و باوکی سێ منداڵە، پێشتر بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی عەرەفە بووە و وەک ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک خزمەتی کردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین