سوننەكان کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری دەكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

ئەحمەد زرار: نوچە نێت

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوننەکان لە ماڵی وەزیریی بەرگریی عێراق کۆببنەوە و بڕیار لە دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بدەن، جێگری پێشووی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، پێشبینی دەکەم "پێكهێنانی حكومەتی عێراق چەند مانگێگ دوابکەوێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە (21/12/2025) بڕیار وایە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوننەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان لە ماڵی سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق کۆببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە سەڵاح دلێمی ئەندامی هاوپەیمانی عەزم دەڵێت، "ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بەردەوامە لە ڕاوێژەکانی لەگەڵ كوتلە سیاسییەکانی تر و بەرەوپێشچوونی بەدەستهێناوە لەبارەی کۆمەڵێک ڕێککەوتن کە بە قازانج دەزانن هەم بۆ ئەنجوومەن و هەم بۆ پرۆسەی سیاسی"ی عێراق، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم لەبارەی ناوی کاندیدەکانەوە ڕایگەیاند، "موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبى تەقەدوم، پێدەچێت لەسەر بنەمای سازان کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە بکەن.

هاوكات د. بەشیر حەداد جێگری پێشوی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە، "پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌ عێراق دواده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی كۆتایی مانگیش ئه‌نجام بدرێت و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقیش دیاری بكرێت" چونکە سەرەڕای ئاڵەنگارییەکانی بەردەم حکومەتی نوێی عێراق "هێشتا رێکكه‌وتن نه‌كراوه‌ بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكوه‌زیران، تا ئێستاش هیچ حكومه‌تێك له‌ عێراق له‌واده‌ی خۆی پێكنه‌هاتووه‌، بۆیە پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌مجاره‌ش پێكهێنانی حكومه‌ت چه‌ند مانگێك بخایه‌نێت."

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەشڵێت، "گواستنه‌وه‌ی كێشه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غداد زیاتر پرۆسه‌كه‌ ئاڵۆز ده‌كات، به‌غداد ناتوانێت كێشه‌ی خۆی چاره‌سه‌ر بكات تا بگاته‌ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ چاره‌سه‌ر بكات" بۆیە تێکەڵکردنی مەلەفەکان کارێکی هەڵەیە و ناکرێت "مه‌له‌فی هه‌رێم و به‌غداد تێكه‌ڵ بكرێن، كورد به‌ یه‌ك گوتار بچێته‌ به‌غداد پێگه‌ی به‌هێزتر ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین