ئەمەریکا دەست بەسەر دووەم کەشتی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلادا دەگرێت ئابووری جیهان

نوچەنێت

ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتووە، کە لە ڤەنزوێلاوە بەڕێکەوتووە، پێشتریش دەستیان بەسەر کەشتییەکی تری نەوتهەڵگردا گرتبوو".

ڕۆژی یەکشەممە (2025/12/21) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، "لەم مانگەدا بۆ دووەمین جار ئەمەریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوت هەڵگردا گرتووە لە کەناراوەکانی وڵاتەکە کە لە ڤەنزوێلاوە بەڕێکەوتبوو". هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا هەموو کەشتییەکانی ڤەنزوێلا گەماڕۆ بدرێن و دەستیان بەسەردا بگیرێت".

لە بەرامبەردا بەرپرسانی ڤەنزوێلا سەرکۆنەی ئەم هەنگاوانەی ئەمەریکا دەکەن و دەڵێن، "ئامانجی ئەمەریکا دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی ڤەنزوێلایە". حکومەتی ڤەنزوێلاش لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن و هیواخوازن وڵاتانی جیهان ڕێگری لە هەنگاوی لەم شێوەیە بکەن".

بە گوێرەی زانیارییەکان، "ئۆپراسیۆنەکە لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا بەڕێوەچووە، کریستی نۆیم، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "لە بەردەوامی چالاکییەکانیاندا پێش بەرەبەیان پاسەوانانی کەناری ئەمەریکا بە پاڵپشتی وەزارەتی بەرگری کەشتییەکی نەوتهەڵگریان دەستگیرکرد". نۆیم دووپاتی دەکاتەوە، "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ڕێگرییەکان لە گواستنەوەی نایاسایی نەوت و ڕێگرییان لێدەکەین و سزایان دەدەین".

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئەمریکا بوونی سەربازی خۆی لە دەریای کاریبی زیاد کردووە و هێرشی کوشندەی بۆ سەر بەلەمەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکانی ڤەنزوێلا ئەنجامداوە و نزیکەی 100 کەسی کوشتووە. 

ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا لەلایەن ئەمەریکاوە پێشکەش نەکراوە، بەڵام ئەمەریکا بە بەردەوامی پاساو بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی ڤەنزوێلا دەهێنێتەوە و دەڵێت، "ئەم هەنگاوانە لە بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەرە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەردەوامی دان لە ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین