نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی سوودانەوە دەدەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەربارەی دۆخی سوودان بە گشتی و دۆخی هاووڵاتییان بە تایبەتی دەدەن و ڕایدەگەیێنن، "توندوتیژی لە سوودان قەیرانێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە".

ڕۆژی چوارشەممە (2025/12/24) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هۆشداری بە وڵاتانی جیهان دەدات سەبارەت بە دۆخی مرۆیی لە سوودان و دەڵێت، "بەهۆی زیادبوونی توندوتیژی لە سودان ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتانی جیهاندا زیاتر دەبن و بارودۆخی مرۆیی بەرەو ئاستێکی مەترسیدار دەڕوات".

کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەشڵێت، "پەنابەرە سوودانییەکان لە هەموو جیهاندا لە دۆخێکی زۆر خراپی مرۆییدا دەژین، پێداویستییەکان بە تەواوی بۆیان دابین نەکراوە و فشارێکی زۆر لەسەر سنوورەکان هەیە بەهۆی دۆخی پەنابەرانەوە".

هاوکات ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی بە هەمان شێوە هۆشداری دەدات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "بەهۆی دۆخی سوودانەوە هاووڵاتییانی سڤیل ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بگرن، هەماهەنگ و هاوکاری پەنابەران بن".

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی کۆچ و کۆچبەرانی نێودەوڵەتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی شەڕی ناوخۆ لە سوودان (2,615) هاووڵاتی بە ناچاری ئاوارە و پەنابەر بوون. هاووڵاتییان لە دۆخی سەختدا دەژین و پێداویستییەکانی ژیانکردنی سەرەتاییان نییە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین