نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ژنە چالاكوانێك داوایەكی بەپەلە لە ئێران دەكات ئێران

نوچەنێت

پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئێران دەکەن لەسێدارەدانی ژنە چالاکوانێک ڕابگرێت، هاوکات (400) ئافرەتی بەناوبانگ هەمان داوا دەکەن و ڕایدەگەیێنن، "پێویستە زەهرا تەبەری ئەندازیاری کارەبایی تەمەن (67) ساڵ و چالاکوانی مافەکانی ژنان لە سێدارە نەدرێت".

ڕۆژی چوارشەممە (2025/12/24) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی دەکەنەوە، "دەستگیرکردنی خانم تەبەری تەنها پەیوەندی بە کارە شەرعییەکانی وەک کارمەندێکی کۆمەڵایەتیەوە هەبووە، پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ، ئاوارە و پەنابەران کردووە". هاوکات "زیاتر لە (400) ئافرەتی دیار کە ژمارەیەک لە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ، سەرۆکەکانی پێشووی سویسرا، ئیکوادۆر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی فینلەندا، پیرۆ، پۆڵەندا و ئۆکراینان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی خاتوو تەبەری دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ لێدوانێکیان لەبارەی کەیسی ژنە چالاکوانەکەوە نەداوە".

بەگوێرەی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان، "لەسێدارەدانی تەبەری لە سێدارەدانێکی بێ بنەما و بەڵگەیە تاوانی نێودەوڵەتییە و ژنانی ئێران دووچاری مەترسی جۆراوجۆر دەبنەوە و هیچ ئازادی دەربڕینێکیان نییە".

خاتوو تەبەری لە مانگی نیسانی (2025) بەبێ ڕێگەپێدانی دادوەر لە ماڵەکەی خۆی بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی قەدەغەکراو دەستگیر کراوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی (2025) دا دادگایەکی ئێران، "بە یاخیبوونی چەکداری تۆمەتباری کرد، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدا نەبوو".

بە گوێرەی ئامارەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە (11) مانگی ساڵی (2025) دا نزیکەی (1,426) هاووڵاتی لە ئێران لە سێدارە دراون کە (41) هاووڵاتییان ژنە و بە بەراورد بە ئامارەکانی هەمان ماوەی ساڵی رابردوو ڕێژەکە (70٪) زیادیکردووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین