هاوکارییە داراییەكانی ئەمەریکا بۆ ئۆکراینا کەم دەكرێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

پێشبینی دەکرێت یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکراینا لە (2026) دا کەم بێتەوە بۆ نزمترین ئاست، ئەم هەنگاوەش کاریگەریی نەرێنی بۆ ئۆکراینا دەبێت. لە کاتێکدا لە پاکێجێکی یارمەتی کۆنگرێس کە لە نیسانی (2024) پەسەند کرا نزیکەی (14) ملیار دۆلار بۆ ئۆکراینا تەرخان دەکرا.

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/12/25) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی حکومەتی ئەمەریکا، "لە ساڵی داهاتوودا ئۆکراینا کەمترین ئاستی یارمەتی سەربازی ئەمەریکا وەردەگرێت لەوەتەی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئەم وڵاتە دەستیپێکردووە لە (2022). هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕووسیا بڵاویکردەوە، "لە بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی دارایی (2026)، ئۆکراینا (400) ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی چەکی نوێ لە ئەمەریکا وەردەگرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەم کەمکردنەوەیە لە چوارچێوەی پلان و بۆچوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایە کە چەندین جار باسی لەوە کردووە، "واشنتۆن چیتر بڕە داراییەکی زۆر بۆ ئۆکراینا خەرج ناکات و ئەمەریکا چەک بە نرخی تەواو بە هاوبەشەکانی ناتۆ دەفرۆشێت و ئەوان دەتوانن لەڕێگەیەوە یارمەتی ئۆکراینا بدەن".

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایدەگەیێنێت، "واشنتۆن لە (2025) دا بەردەوام بووە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراینا بە بەهای زیاتر لە (5.5) ملیار دۆلار. ڕاپۆرتەکانی پشکنەرانی گشتی کە سەرپەرشتی پرۆگرامەکانی پشتیوانی ئۆکراینا دەکەن لەگەڵ ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، "ئەمەریکا لە سەرەتای (2022) و چارەکی سێیەمی (2025) نزیکەی (148) ملیار دۆلاری پێشکەش بە ئۆکراینا کردووە.

ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکراشی دەکەن نزیکەی (70) ملیار دۆلار تەنیا لە کڕینی چەک دابین کراوە و (54) ملیار دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی بودجەی ئۆکرینا تەرخانکراوە، لەوانە (20) ملیار دۆلار لە ڕێگەی بانکی جیهانییەوە بە قەرز بە ئۆکراینا دراوە لە مانگی کانوونی یەکەمی (2024)، (4) ملیار دۆلارەکەی تر وەک یارمەتی مرۆیی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل دابینکراوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین