میدیای تورکیا: کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لیبیا بەهۆی تەقینەوەی ئامێرێک بووە وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەکردنی: دنیا ئەحمەد

تادێت گومانەکان لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لیبیا زیاتر دەبێت، لەدوای ئەوەی ڕاگەیێندرا فڕۆکەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکی و کارەباوە تێکشکاوە، بەڵام میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە بەهۆی تەقاندنەوەی ئامێرێک بووە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە هەرگیز بەهۆی کێشەی کارەباوە فڕۆکە ڕاستەوخۆ ناکەوێتە خوارەوە.

ماڵپەڕی (حووریەت) بڵاوی کردەوە، شەوی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جۆری فاڵکۆن (50)ـی دروستکراوی فەرەنسا کە تیایدا شاندێکی باڵای سەربازیی لیبیای هەڵگرتبوو لە باشووری ئەنقەرە کەوتە خوارەوە، لەئەنجامدا (8) سەرنشین گیانیان لەدەستدا و لە نێویشیاندا محەمەد عەلی حەداد سوپاسالاری لیبیا گیانی لەدەستدا.

لەدوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی لێکۆڵینەوە ڕاگەیێندرا کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی و پچرانی کارەبا بووە و فڕۆکەوانەکە بەخێرایی هەوڵی نیشتنەوەی داوە لەئەنجامدا تێکشکا، بەڵام بەگوێرەی هەندێک لە زانیارییەکانی میدیای تورکیا بڵاویان کرۆدتەوە کە فڕۆکەکە بەهۆی تەقینەوەیەکی ئامێرێک کەوتۆتەخوارەوە و رووداوەکە بە ئەنقەست کراوە.

ئەگور جەبێچی، ڕۆژنامەنووسی حووریەت و ئاماژەی بەوە کردووە، "ناکرێت لەئێستادا هیچ شتێک لەبارەی ڕووداوەکە بڵێین، بەڵام هەرگیز بەهۆی تێکچوونی کارەبا فڕۆکەیەک ڕاستەخۆ لە بەرزیی (32) هەزار پێ ناکەوێتە خوارەوە."

هاوکات، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو گومانانە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە سەبارەت بەو ڕووداوە گومانەکان زیاتر دەکات و دەڵێت، "سەرەخۆشی لە خانەوادەی محەمەد حەداد دەکەم، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە جێگەی بیرکردنەوە و گومانە ، بەڕاستی کارەساتێکی دڵتەزێنە. بەر لەڕوودانی ڕووداوەکە لە نێوان شاندی تورکیا و لیبیا گفتوگۆی دڵسۆزانە ئەنجامدراوە لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و بەرگریی و بەرژەوەندی هەردوو وڵات."

ئەیوب تورشوجو فرۆکەوانی خانەنشینی تورکیا و شارەزا لە ڕووداوەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە  پێیوایە، "ڕووداوەکە جێگەی گومانە، ناکرێت لە ئێستادا هیچ ڕوونکردنەوەک بدرێت، بەڵام ئەگەر بەهۆی تەقینەوە بوایە، فڕۆکەوانەکان نەیاندەتوانی ئاماژە بە لایەنی پەیوەندیدار بکەن لە بوونی کێشە لە نێو فڕۆکەکەدا هەیە، فڕۆکەکە جۆری فرەنسییە و زۆر کۆنە، بەڵام توانایەکی بەهێزی هەیە بۆ فڕین و بەر لە گەشتەکەش لێکۆڵینەوەی تەواو لە سەلامەتی فڕۆکەکە کراوە، بەڵام هەموو کات ئەو ڕووداوانە جێگەی گومانە و دەکرێت دەستێکی دەرەکی ئەنجامی دابێت. چونکە لە نێو هەموو فڕۆکەیەکدا فریاگوزاری پێویست هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک. ڕووداوێکی نائاساییە لەدوای لێکۆڵینەوەکان راستی رووداوەکە ئاشکرا دەکرێت."

تورکیا گومان دەکات ئیسرائیل دەستی لەو ڕووداوە هەبێت، بە ناراستەوخۆ پەنجەی تۆمەتیان بۆ درێژ دەکاتەوە، پێشیوایە ڕووداوەکە بەهۆی تەقاندنەوەی ئامێری پەیجەر بێت، هاوشێوەی  تەقاندنەوەی ئەو ئامێرە بە ئەندامانی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە. هەروەها سەرۆکی داواکاری گشتی ئەنقەرەش دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی کە هەواڵی ناراست سەبارەت بە ڕووداوی کەتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان بڵاوکردەکەنەوە.

هەر سەبارەت بەو ڕووداوە سەرۆکایەتیی تورکیا ئەمڕۆ لە ڕاگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی بە عەبدوڵحەمید دینەیبە سەرۆکوەزیرانی لییبا کردوو و هاوخەم و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی لیبیا کردووە."   

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین