پەرلەمانی عێراق دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵدەبژێرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: باخان ڕەزا

لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە سیادییەکانی دەستەی سەرۆکایەتی دەکات، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پێکهاتەی سوننە گەیشتوونەتە ڕێككەوتن. ڕۆژنامەیەكی عەرەبی ئاشكرای دەكات، سەركردەكانی سوننە ململانێکان پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە.

ڕۆژی یەكشەممە (28/12/2025) ڕۆژنامەی سەباح بڵاویكردەوە، سبەی دووشەممە (29/12/2025) پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی کۆبێتەوە. هاوکات ئەمڕۆ لایەنە سوننییەکان لە هەوڵێکی کۆتاییدا بۆ گەیشتن بە کاندیدی یەکلاکەرەوە کۆدەبنەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، ململانێکان لە نێوان هەریەک لە موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقدوم، پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە و چاوەڕوان ناکرێت هیچ لایەکیان سازش بۆ ئەوی دیکە بکات.

سەبارەت بە میکانیزمی بەشداریکردن لە دانیشتنەکەی سبەینێدا، سەلاح دلێمی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم بە ڕۆژنامەی صباحی ڕایگەیاندووە، ئاماژەی بەهێز هەن کە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بە دوو کاندیدەوە بچێتە ناو دانیشتنەکەوە، ئەگەر بێت و ڕێککەوتن لەسەر یەک ناو نەکرێت.

دلێمی دووپاتی کردەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بووەتە یەکێک لە دۆسیە پڕ مشتومڕەکان و تا ئێستا هێز و هاوپەیمانییەکان ناوی کاندیدەکانیان بۆ سەرۆکایەتییەکان یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت سوننەکان بە هەردوو کاندید (سامەڕائی و حەلبووسی) بچنە ناو کێبڕکێکەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاراس مەشهەدانی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم، ئاماژەی بەوە کرد، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، هیچ کاندیدێکی سازان بوونی نییە.

مەشهەدانی ڕوونیشی کردەوە، دەرگای خۆکاندیدکردن کراوەیە بۆ هەر سەرکردەیەکی ئەنجوومەنەکە کە ئارەزووی هەبێت." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەگەری بەشداریکردن بە زیاتر لە کاندیدێک لە دانیشتنەکەی سبەینێدا، ئەگەرێکی کراوە و بەهێزە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین