بۆ دامرکانەوەی خۆپیشاندانەکان مەسعود پزیشکیان پەیامێکی بڵاوکردەوە ئێران

نوچەنێت

لە وڵاتی ئێران بە هۆی قەیرانەکان، خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام و سەرۆک کۆماریش وەزیری ناوەخۆی ڕاسپاردووە تاوەکو داخوازییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات و ئارامی بۆ وڵات بگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (30/12/2025) مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نیگەرانی خۆی لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند، هەوڵی تەواو دەدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و باشترکردنی دۆخی هاووڵاتیان چونکە "گوزەرانی خەڵک، خەمی ئەوە" بۆیە ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێرانی ڕاسپاردووە "تاوەکو لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشانده‌راندا گفتوگۆ بکات‌ و گوێ لە داخوازییە ڕەواکانی خەڵک بگرێت بۆ ئه‌وه‌ى حکومەت بەهەموو توانایەوه‌ بۆ چارەسه‌رکردنی کێشەکان، هەنگاوی کردەیی بنێت."
هەر لەم پەیامەدا مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دارایی ئێران کرد و گووتیشی، "بۆ چاکسازیی سیستەمی دارایی‌ و پاراستنی توانای خەڵک بۆ کڕینی پێداویستییەکان، هەنگاوی بنەڕەتیی لە کارنامەکەمدا هەیە، دڵنیابن گوزەرانی خەڵک خەمی ڕۆژانەی منە" و لە زووترین کاتدا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبینەوە. 

دوای ئەوەی وڵاتی ئێران تووشی قەیرانەکانی دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن و گرانیی شتومەک و خراپیی دۆخی دارایی هاووڵاتییان هات، خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی وڵات دەستی پێکرد و سەرتاسەری وڵات ناڕەزاییان بەرانبەر دۆخەکە دەربڕی، بۆیە سەرۆک کۆماری وڵات بۆ دامرکانەوەی بارودۆخەکە چەند ڕاگەیێندراوێکی لە پەڕە فەرمییەکانی خۆی بڵاوکردەوە و داوای هێوربوونەوەی بارودۆخەکە لە هاووڵاتییان دەکات. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین