ئەنفلۆنزایەکی مەترسیدار بە شێوەیەکی گۆڕاو لە ڕۆژئاوای كوردستان بڵاودەبێتەوە تەندرووستی

نوچەنێت: باخان ڕەزا

لە ژمارەیەك شارۆچکەی ڕۆژئاوای کوردستان، جۆرە ڤایرۆسێکی وەرزیی بەناوی (H3N2) بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە، کە بەهۆیەوە سەدان حاڵەتی تووشبوون لە ناوەندە تەندروستییەکان تۆمار کراون، پزیشکانی ناوچەکە دەڵێن، ئەم ڤایرۆسە هەرچەندە مەترسییەکەی لە کۆرۆنا کەمترە، بەڵام ئەمساڵ بە نیشانەیەکی قورسترەوە دەرکەوتووە.

بەپێی لێدوانی پزیشکانی ڕۆژئاوای كوردستان، تووشبووان هەست بە سەرئێشەی توند، تای بەرز (تا 40 پلەی سیلیزی)، کۆکەی بەردەوام و بێهێزییەکی زۆر دەکەن، ئەم شەپۆلە بەتایبەتی لەنێوان منداڵاندا زۆر بەربڵاوە، جوان خالد، یەکێک لە تووشبووانی ڤایرۆسەکەیە لە قامشلۆ دەڵێت، هەست بە تەنگەنەفەسی و ئازارێکی زۆری پشتم دەکەم، ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە هاوڕێیەکمەوە بۆ من و پاشان بۆ هەموو خێزانەکەم گوازرایەوە.

ڤایرۆسی (H3N2) کە بە ئەنفلۆنزای هۆنگ کۆنگ ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە هاوینی ساڵی 1968 لە هۆنگ کۆنگ سەری هەڵدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنێک کەس لە جیهاندا، حامد سینۆ کە پزیشکێکە لە قامشلۆ، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ڤایرۆسە ساڵانە لە وەرزی پاییز و زستاندا بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئەمساڵ (2025) ڤایرۆسەکە شێوەی خۆی گۆڕیوە و نیشانەکانی بە قورستر بەسەر تووشبوواندا دەرکەوتوون، هەرچەندە تا ئێستا حاڵەتی مەترسیدارمان تۆمار نەکردووە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و خۆپارێزی لەم ڤایرۆسە، پزیشکان جەخت لەسەر دوو ڕێگەی سەرەکی دەکەنەوە:

1. کوتان: لە دوای ساڵی 1968ـەوە، ڤاکسینی تایبەت بە (H3N2) پەرەی پێدراوە و ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە (WHO) نوێ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڤایرۆسەکەدا بگونجێت.

2. چارەسەر بە دەرمان: لە ساڵی 1999ـەوە دوو دەرمانی سەرەکی بۆ چارەسەری ئەم ڤایرۆسە پەسەند کراون کە بریتین لە:

•         ئۆسێلتامیڤیر (Tamiflu): بە شێوەی حەب دەخورێت.

•         زانامیڤیر (Relenza): بە شێوەی پڕژێنەی هەڵمژین (بەخاخ) بەکاردێت.

پزیشکان ڕێنمایی دەدەن کە پێویستە ئەم دەرمانانە لە ماوەی 48 کاتژمێری یەکەمی دەرکەوتنی نیشانەکاندا وەربگیرێن بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێت لە کەمکردنەوەی ماوەی نەخۆشییەکە و ڕێگریکردن تێكچوونی تەندروستیی توشبوو، بەتایبەتی بۆ منداڵان، بەساڵاچووان، لەگەڵ ئەو کەسانەی نەخۆشیی ڕەبۆ و تەنگەنەفەسییان هەیە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین