وەزارەتی بەرگریی تورکیا: پشتیوانی هەموو بڕیارێکی حكومەتی سووریا دەکەین تورکیە

نوچەنێت

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "هەڵوێستەکانی هەسەدە بۆتە کێشە و زیان بە یەکپارچەیی و سەقامگیریی سووریا دەگەیێنێت، ئەگەر هاتوو دەستپێشخەرییەکی نوێ لەلایەن حکومەتی سووریاوە بۆ یەکگرتنەوە و یەکپارچەیی سووریا بدرێت ئێمە بە هەموو توانامان پشتیوانی دەکەین."

ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/12/31) ماڵپەڕی (A habar) بڵاوی کردەوە، تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ پابەندبوونیان بە رێککەوتنی (10)ـی ئادار لەگەڵ سوپای سووریا. توامیراڵ زەکی ئاکتورک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریای کرد و گوتی، "لەدوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و بەرپرسانی باڵای هەسەدە تاوەکو ئێستا هەسەدە هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ یەکگرتنەوەیان  لەگەڵ سوپای سوریا و بەردەوامن لە داواکارییەکانیان بۆ لامەرکەزیی."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هۆکاری کێشەکان دادەنێت و دەشڵێت، "ئێمە لە سەرەتاوە دووپاتمان کردۆتەوە ئەم داواکارانەی هەسەدە زیان بە یەکپارچەیی و سەقامگیری سووریا دەگەێنێت. بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی یەکپارچەیی سووریا دەکەین هەر بڕیارێکیش و دەستپێشخەرییەک لەلایەن حکومەتی نوێی سووریا بدرێت بۆ پاراستی ئاسایش و یەکپارچەیی ئێمە پشتگیریی دەکات."، لەلایەکی دیکە ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی، "پشتیوانی پێویست پێشکەش بە ئیدارەی نوێی دەکەین بۆ ئارامی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەلی سووریا."  

جێگەی باسە، تورکیا لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکی بۆ حکومەتی نوێی سووریا پیشانداوە، بەرەدەوامیشە لە هەڕەشەکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە دەکات و دەڵێت، دەبێت بەزووترین کات یەکبگرنەوە لەگەڵ سوپای سووریا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین