مەرجەكانی خۆبەربژێركردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوكرایەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: دیاری عەلی

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند ، دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کراوەتەوە، ئەو کەسانەی مەرجەکانی بوون بە سەرۆک کۆماریان تێدایە لە سێ ڕۆژدا داواکاری پێشکەش بکەن. بەپێی مەرجەكان بەربژێری ئەو پۆستە نابێ تەمەنی (40) ساڵ كەمتر بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (31/12/2025) سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشت بەستن بە یاسای ژمارە (8)ـی ساڵی (2012) یاسای رێکارەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ ئەو پۆستە رادەگەیێنین، هەروەها دەشڵێت، ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بەربژێربکەن، دەتوانن نووسراو لەگەڵ سیڤی خۆیان و بەڵگەنامە فەرمییەکان پێشکەش بە فەرمانگەی کاروباری یاسایی لەکۆشکی کۆنفرانسەکان لە بەغداد بکەن.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەمشێوەیە:

-  پێویستە هاووڵاتی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.

-   تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.

 ـ خاوەن نێوبانگی باش، شارەزایی سیاسی، دەستپاک و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.

-  بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو بێت.

-  پێشینەی تاوانی نەبێت، بەتایبەت لەو تاوانانەی پەیوەستن بە شەرەفەوە.

- نابێت بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر رێکارێکی هاوشێوە گیرابێت.

جێگەی ئاماژەپێدانە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی دیاریکردووە کە لە (5)ـی کانوونی دووەمی (2026) دەبێت، هاوكات پێشکەشکردنی داواکارییەکان لە ئەمڕۆوە تاوەكو ڕۆژی دووشەممەی (5)ـی کانوونی دووەمی (2026) بەردەوام دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین