ئه‌مریكا ئێرانییه‌ك به‌ 20 ساڵ زیندانى سزا ده‌دات ئێران

نوچه‌نێت

وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند دادگای فیدراڵی ئەو وڵاتە هاووڵاتییه‌کی ئێرانی بە تاوانبار ناساند بە هۆی داڕشتنی پیلان بە مەبەستی هەناردەکردنی نایاسایی کەلوپەلی سەربازیی بۆ تاران بە پێچەوانەی گەمارۆ بازرگانییەکانی ئەمریکا.

ئەمڕۆ شەممە ٨ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک" بڵاوی کردەوە، بە پێی ڕاگەیێندراوی ئەمریکا "دادوەرانی دادگای فیدرال هاووڵاتییه‌کی ئێرانییان بە تۆمەتی ساختەکاریی بە مەبەستی بەدەستهێنانی کەلوپەلی نهێنی سەربازیی بۆ ئێران بە پێچەوانەی گەمارۆ بازرگانییەکان کە بەسەر ئێراندا سەپاوەن، بە تاوانبار ناساند.

بە پێی ئەو ڕاگەیێندراوە، کەلوپەلەکان هەم بۆ کاروباری سەربازیی و هەم ناسەربازیی بەکار دەهێنرێن و لە هەندێ سیستەم و لەوانە چەکی ئەتۆمی، پەرەپێدان بە توانای مووشەکی، پەیوەندییە ڕادیۆییە تاکتیکییە پارێزراوەکان، شەڕی ئەلکترۆنی هێرشبەرانە، سیستەمی هۆشداری ڕاداری چه‌ندان بوارى تر کەڵکیان لێوەردەگیرێت.

بەگوێرەی بەڵگەکانی دادگا، "مێهرداد ئەنساری" ٣٩ ساڵ تەمەن هاوکاری کۆمپانیایەکی گواستنەوەی کەلوپەلی کردووە و هاوکارەکانی ئەو کەلوپەلەیان لە ئەمریکا کڕیوە. لە ساڵی ٢٠٠٧وە تا ٢٠١١، زیاتر لە ١٠٥ هەزار پارچه‌ کاڵا بە نرخی ٢.٦ ملیار دۆلاری ئەمریکییان لە کۆمپانیاکانی سەراسەری جیهانەوە وەرگرتووە یان بۆ وەرگرتنیان هەوڵیان داوە. تۆمەتباران ٥٩٩ گرێبەستیان لەگەڵ ٦٣ کۆمپانیای ئەمریکی ئیمزا کردووە و بە پێی ئەو گرێبەستانە هەندێ کەلوپەلیان وەرگرتووە یان هەوڵیان دابوو بە بێ ئاگاداری ئەو کۆمپانیانە و بە بێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست، ڕەوانەی ئێرانی بکەن.

ئەگەری زۆرە ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە بە هۆی پێشێلکردنی یاسای بازرگانی لەگەڵ ئێران، بە گشتی ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێت: پێنج ساڵ بە تاوانی کەڵکوەرگرتن لە هێڵێکی تەلەفۆن، پێنج ساڵ بە تاوانی داڕشتنی پیلان بە مەبەستی ساختەکاریی و فریودانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، پێنج ساڵ بە تاوانی هاوکاری لە تاوانباران و پێنج ساڵ بە تاوانی درۆ کردن لە دادگا.

بە پێی یاساکانی ئەمریکا هەناردەکردن و فرۆشتنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تەکنۆژیا یان کاڵای ئەمریکیی بە ئێران قەدەغەیە.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین