کوبا ژمارەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی لە ئۆپراسیۆنەکەی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

کوبا ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە لە هێرشی ئەمەریکادا لە ڤەنزوێلا کوژراون، پشتڕاستی کردەوە کە (32) هاووڵاتی لە ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کاراکاس کوژراون.

ڕۆژی دووشەممە (2026/1/5) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، حکومەتی کوبا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیێندراوە بەهۆی ئەوەی (32) هاووڵاتی کوبا کە لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا ئەرکیان بۆ هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکان و وەزارەتی ناوخۆی ڤەنزوێلا کردووە لە ئۆپراسیۆنەکەی ئەمەریکا بۆ سەر سەرۆکی ڤەنزوێلا کوژراون. 

لەلایەکی ترەوە دێلسی ڕۆدریگز، سەرۆکی ڤەنزوێلا بە وەکالەت "داوای هاوکاری لە وڵاتان کرد". دووپاتی کردەوە، "ڤانزوێلا و هاووڵاتییانی شایەنی ئاشتی و دیالۆگن نەک ململانێ، سەرۆکی ڤەنزوێلا بە وەکالەت پلانێکیشی بۆ گەشەپێدانی هاوبەش لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا پێشکەش کرد".

هاوکات گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە پۆستێکیدا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) هەنگاوەکانی ئەمەریکای بە هەڕەشە ناوبرد و تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بەرامبەر بە خۆی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "ناوی لە هیچ تۆمارێکی دادوەری پەیوەست بە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان نییە و پێویست ناکات بوختانی پێ بکرێت".

چەندین وڵاتی تریش بە هەمان شێوە ئیدانەی ئۆپراسیۆنەکەی ئەمەریکا بۆ سەر کاراکاس دەکەن، هەریەکە ئیسپانیا، بەرازیل، چیلی، کۆلۆمبیا، مەکسیک و ئۆرۆگوای لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، "هەنگاوەکە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە".

کاردانەوەکەی وڵاتان دوای ئەوە دێت چەندین جارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لێدوانەکانی بەرامبەر کۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، کوبا و ئێران تووندتر کردووە و ڕایگەیاندووە، "هەنگاوی داهاتوو لەو وڵاتانەدا هەیە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین