ژمارەی سەڵتەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە زیادبووندایە ئێران

تەمەنی هاوسەرگیریش بەرزبۆتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە چوار ساڵی رابردوودا ساڵانە 500 هەزار کەس بۆ ژمارەی سەڵت (سینگڵەکانی) تەمەن 15 بۆ 30 ساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیادبووە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 39 ساڵدایە و ژیانی هاوبەشیان پێک نەهێناوە بۆ سەرووی چوار ملیۆن و 200 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
 
رێژەی هاوژینی لە ئێران ئەمساڵ زیاتر بووە لە پار، بەڵام نەبووەتە هۆی وەستانی زیادبوونی ژمارەی سەڵتەکان.
 
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2020ـدا ژمارەی کەسانی سەڵت کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵە گەیشتووەتە 14 ملیۆن کەس. ژمارەی ئەو کەسانە ساڵی 2016 دەورووبەری 12 ملیۆن کەس بوو. هەر ساڵەو نزیکەی 500 هەزار کەس بۆ ژمارەی سەڵتەکان زیاد بووە. 
 
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک، زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە کەسانی سەرووی 35 ساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەڵتن. چوار ملیۆن کەسیش لەو تەمەنەدا لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە و ئێستا بە تەنیا دەژین. ئەوان سەڵتی تەواویان پێدەگوترێت، چونکە ئەگەری کەمترە ژیانی هاوبەش پێکبێنن.
 
د. ئەمیر مەحموود حەریرچی، لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، زۆرترین ژمارەی کەسانی سەڵتی تەواو لەنێو لەدایکبووانی دەیەی 80ی زایینیدایە کە ئێستا تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 39 ساڵە. لە کۆی 17 ملیۆن کەس کە لەو تەمەنەدان زیاتر لە 4.2 ملیۆن کەسیان سەڵتن.
 
زیادبوونی ژمارەی سەڵتەکان لە کاتێکدایە کە ئاستی تەمەنی هاوژینییش بەرز بووەتەوە. 
 
بەپێی نوێترین ئامار، ئاستی مامناوەندی تەمەنی هاوژینی لە ئێران لەنێو کچان بۆ 28 تا 29 ساڵ و لەنێو کوڕانیشدا بۆ 32 تا 33 ساڵ بەرزبووەتەوە. بە لای کەمەوە 25٪ـی ئەو کەسانەیش کە ژیانی هاوبەش پێکدێنن لە 5 ساڵی یەکەمی هاوژینییاندا لێک جیا دەبنەوە.
 
تەنیا لە سێ مانگەی بەهاری ئەمساڵی هەتاویدا دوو هەزار جیابوونەوە لە هەموو ئێران تۆمارکراوە پێش ئەوەی کە جەژنی ساڵیادی هاوژینییان پێکەوە بگێڕن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین