میدیای ئیسرائیل: ئێران پلانی هەیە ئەحمەد شەرع تیرۆر بکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

میدیای ئیسرائیل باس لەوە دەكەن، ئێران پلانی هەیە ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێی سووریا تیرۆر بکات. هەروەها ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی تەلئەبیب و دیمەشق بەرپرسانی سووریای لەو هەڕەشەیەی ئێران ئاگادار کردۆتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/1/6) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاوی کردۆتەوە، نزیک بوونەوەی سووریا و ئیسرائیل ئێران و تورکیای نیگەران کردووە، بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاوی کردۆتەوە، گوایە ئێران دەیەوێت سەرۆکی سووریا تیرۆر بکات، هاوکات ئەو ڕۆژنامەیە باس لەوەش دەکات، کە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەرپرسانی باڵای دیمەشقی لەم هەڕەشەیە ئاگادار کردۆتەوە.

بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بەو ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە، ئێران بۆ تیرۆرکردنی شەرع پەیوەندی بە چەند لایەنێک کردووە، کە کاردەکەن دژی سەرۆکی سووریا. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە دوای ئەوەی بەرپرسانی دیمەشق و تەلئەبیب دەستیان بە دانوستاندنەکان کرد بۆ چارەسەری کێشەکانی خاکی سووریا، ئەو پلانەی ئیران ئاشکرابووە و ڕاستەوخۆ ئیسرائیل دیمەشقی لەو پلانە ئاگادارکردۆتەوە.

جێگەی باسە، حکومەتی نوێی سووریا بوونی ئیسرائیل لە سووریا ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کۆبوونەوە و ئەمەش ئێران و تورکیای نیگەران کردووە. ئیسرائیل پێداگیرە لەمانەوەیان لە سووریا چونکە بارودۆخی ناوخۆیی سووریا بە ناجێگیر وەسف دەکات و دیمەشقیشی لە مەترسی تیرۆرکردنی شەرع ئاگادار کردۆتەوە، بۆیە لەئێستادا بۆ پاراستنی  سەرۆکی سووریا ڕێکاری ئەمنی توند گیراوەتە بەر.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین