دادگای تورکیا بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان دووبارە دەمیرتاشی سزادایەوە تورکیە

نوچەنێت

لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازاد بکردێت، دادگای تورکیا بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ماوەی ساڵێک و (5) مانگ  و پانزە ڕۆژ سزای بەسەر دەمیرتاش سەپاند.

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/1/6) ماڵپەری (بیرگون) بڵاوی کردەوە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوڕوپا دواجار سکالای تورکیای بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی دەمیرتاشی ڕەتکردەوە و بۆ جاری سێیەم داوای دەستبەجێ ئازادکردنی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی کرد. هەرچەندە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە رایگەیاندبوو، "ئازادکردنی دەمیرتاش بۆ تورکیا سوودی دەبێت"، چاوەروان دەکرا بەم نزیکانە لە زیندانی ئەدیرنە ئازاد بکرێت. 

لە دادگای تورکیا پارێزەرانی دەمیرتاش داوای ماوەی زیاتریان کردووە بۆ بەرگریکردن لەو دۆسییەی ئەمڕۆ، بەڵام دادگایکردنەکە بەبێ ئامادەبوونی دەمیرتاش بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بەرێوەچوو، دادگا ساڵێک و (5) مانگ  و پانزە ڕۆژ سزای زیندانی بەسەر دەمیرتاش سەپاند، بەهۆی ئەوەی لە چەند وتارێکدا لە ئامێد و مێرسین سوکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە. لەلایەن پارێزەرەکانی دەمیرتاش بڕیارەکە بە پێشێلکردنی دادوەری ناوبرا چونکە دادگای تورکیا رێگربوو لە ئامادەبوونی دەمیرتاش لە دادگایکردنەکە بە بیانوونی هۆکاری ئەمنی.

جێگەی ئاماژە پێدانە، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە چەندین ساڵە لە زیندانی ئەدیرنەیە و چاوەڕوان دەکرا ئازاد بکرێت، بە چەندین تۆمەتی جیاواز لە ساڵی (2016) دەستگیرکراوە و لە ساڵی (2024)، لە دۆسیەی کۆبانی بە (42) ساڵ زیندانی سزادرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین