نەوتی ڤەنزوێلا ڕادەستی ئەمەریکا کرا ئابووری جیهان

نوچەنێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "دەسەڵاتدارانی کاتی ڤەنزوێلا نزیکەی (50) ملیۆن بەرمیل نەوتی کوالیتی بەرز ڕادەستی ئەمەریکا دەکەن، نەوتەکە لە جۆری نەوتی خاودایە".

ڕۆژی چوارشەممە (2026/1/7) ماڵپەڕی (USA Today) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمەریکاوە بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت ڕاستەوخۆ سەرۆکی ئەمەریکا بەڕێوەبردنی داهاتەکەی دەکات تاوەکو دڵنیا بێت کە پارەکە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی ڤەنزوێلا و ئەمەریکا خەرجدەکرێت و بەکاردەهێندرێتەوە".

لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ڕایگەینادووە، سەرۆکی ئەمەریکا ئامانجییەتی ڕۆژی هەینی لەگەڵ نوێنەرانی سێ گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە تاوەکو گفتوگۆ بکەن دەربارەی ئەنجامدانی وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی وزەی ڤەنزوێلا بە تایبەتی نەوتی خاوی ئەم وڵاتە".

ئاشکرایە ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، پێشتر چەندین کۆمپانیای بەناوبانگی نەوتی ئەمەریکی وەبەرهێنانیان لەم وڵاتەدا دەکرد, تاوەکو ئێستاش کۆمپانیای گەورەی شیڤرۆنی ئەمەریکی تاکە کۆمپانیای گەورەی نەوتی ئەمەریکایە کە هێشتا لەوێ ماوەتەوە و وەبەرهێنان دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ڕێککەوتنی کۆشکی سپی و حکومەتی کاتی ڤەنزوێلا وەرچەرخانێکی گەورە بێت لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا و ئەم هەنگاوە تەنها کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەمەریکا نابێت، بەڵکو گۆڕانکاریی گرنگ و کاریگەر لە بازاڕی وزەی جیهانی و هاوسەنگییە سیاسییەکانی جیهان دروست دەکات.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە (2026/1/3) ئەمەریکا لە ئۆپراسیۆنێکدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیر کرد و بەرەو شاری نیویۆرک گواسترانەوە. دواتر دێلسی ڕۆدریگز، جێگری مادورۆ بوو بە سەرۆکی کاتی وڵاتەکە و سوێندی یاسایی خوارد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین