پارتی و یەکێتی لەسەر دیاریكردنی کاندیدێكی هاوبەشی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار كۆدەبنەوە کوردستان- عێراق

نوچەنێت: باخان ڕەزا

شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و یەکلاکردنەوەی پۆستە سیادییەکانی بەغدا و هەولێر كۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (8/1/2026) شاندی پارتی و یەکێتی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەهەولێر لە کۆبوونەوەدان، بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ کوردستان (24)، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ڕێککەوتنی هەردوولایە لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە تێیدا یەکلا دەکرێتەوە کاندیدەکە سەر بە کام لایەن بێت، هەروەها گفتوگۆ لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم دەکەن.

پێشبینی دەکرێت ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، وادەیەک بۆ ڕاگەیاندنی کابینەی نوێ دیاری بکرێت، کە دواتر ئەم زنجیرە ڕێکارە یاساییانەی بەدوادادێت:

کاراکردنەوەی پەرلەمان: هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکی هەرێم: کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ماوەی 5 ڕۆژ و دواتر 3 ڕۆژ بۆ تانەدان، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم: لە ماوەی 15 ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت، ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.

شاندی دانوستاندكاری هەردوولا پێكهاتوون لە:

شاندی پارتی: هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب، ئومێد سەباح.

شاندی یەکێتی: قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت ڕەسول، د. ڕێواس فایەق، شاڵاو شێخ سەڵاح.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین