ئاسایشی حەلەب: سەرجەم هێرشەكانی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە شێكندراون عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: دیاری عەلی

لە سێیەم ڕۆژی هێرشی گرووپەكانی سەر بە دەسەڵاتدارانی سووریا بۆ سەر گەڕەكە كوردنیشینەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، ئاسایشی حەلەب ئاشكرای دەكات، هەموو هەوڵەکانی چوونە ژوورەوەیان بۆ ئەو گەڕەكانە شكاندووە. هاوكات وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش دەڵێت، بێدەنگی جیهانی بەرامبەر بە هێرشەکانی سووریا بۆسەر کورد شەرمەزار دەکات و دەڵێت “قەرزێکی ئەخلاقیمان لەسەرە بەرامبەر بە کورد."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2025/1/8) ئاسایشی حەلەب ڕایگەیاند، لە سێیەم ڕۆژی هێرشی بەردەوامی چەکدارانی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و کاستێلۆ لە شاری حەلەب، سەرجەم هەوڵەکان لەلایەن هێزەکانی سوپای سووریاوە بۆ چوونە نێو ئەو گەڕەکانە شکستی هێناوە و لە لایەن ئاسایشی حەلەبەوە ئەو هەوڵانە پوچەڵکراونەتەوە، هێرشی چەکدارانی سووریا بەردەوامە و قوربانی و برینداریان ڕوی لەزیادبوون کردووە.

هاوكات ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدۆن سائر، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە داوە، هێرشەکانی سوپای سووریا بۆسەر کوردەکانی حەلەب، جێگەی نیگەرانی و مەترسییە. گوتیشی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ڕۆژئاوا تایبەتتر، قەرزێکی ئەخلاقیان لەسەرە بەرامبەر بە کورد، کە سەرکەوتوانە و بوێرانە دژی داعش جەنگاون. گیدۆن سائر، جەختیش دەکاتەوە، سەرکوتکردنی سیستماتیکی و کوشندەی کەمینە جۆراوجۆرەکان لە سووریا، پێچەوانی ئەو بەڵێنانەیە کە سووریای نوێ پێیداون، بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی زیاتر پەرەسەندنی توندوتیژی لە لایەن ڕژێمی ئێستای سووریاوە.

بەپێی زانیارییەكان لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوو لە هێزە چەکدارەکانی سووریا، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 57 کەسی دیکەیش بریندار بوون، چوار چەکداریش بەدیل گیراون، تەرمی شەش چەکداری دیکەیش، بەجێماون.

شایەنی باسە، ماوەی چەند ڕۆژێکە، لەلایەن سوپای سوریاوە هێرشێکی توند دەکرێتە سەر ئاساییشی حەلەب و گەڕەکە کوردنشینەکان، کە تێیدا چەندین جۆری چەکی قورس لەلایەن سوپای سوریاوە بەکارهاتووە، قوربانی و زیانی زۆریان لێکەوتوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین