ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە: ڕادەستی هیچ لایەنێک نابین و بەرگریی دەکەین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: دەریاز نیاز

ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین هێرشەکانی سەر هەردوو گەڕەک بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "جەخت لەسەر مانەوە و بەرگریکردن دەکەینەوە و بێدەنگیی نێودەوڵەتیش شەرمەزار دەکەین"

ڕۆژی هەینی (2026/1/9) ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕایانگەیاند: "لە 6ـی مانگەوە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕووبەڕووی بۆردومانێکی توندی چەکە قورسەکان بوونەتەوە و حکوومەتی کاتی بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا، بە ئەنقەست مزگەوت، قوتابخانە و ماڵی مەدەنییەکان و تەنانەت نەخۆشخانەی گەڕەکەکەیان کردووەتە ئامانج". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و ناچارکردنی خەڵک بە کۆچبەری ئەنجام دەدرێن، کە ئەوەش بە پێشێلکردنێکی ڕوونی ڕێککەوتننامەکانی پێشوو هەژماردەکرێت.

هاوکات ئەنجوومەنی گشتی هەردوو گەڕەك ئاماژە بەوە دەكەن، کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە، ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییە دژی دانیشتووان و دەسپێکردنی شەپۆلێکی نوێی کۆچی زۆرەملێ و ئەمەش وەک تاوانی جەنگ وەسف کراوە کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە ژن و منداڵ.

ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکەکان دەشڵێت، ئێمە هیچ متمانەیەکمان نییە ئاسایشی ناوچەکەمان ڕادەستی حکوومەتی دیمەشق بکەین و هەموو ئەو فشارانەیان ڕەتکردەوە کە داوای تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدانیان لێدەکات.

هەروەها لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنەکە داوای ‌‌نەفیر عام‌‌ و ئامادەباشی گشتییان لە هاووڵاتییان کرد بۆ ئەوەی لە تەنیشت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوەستن لە گەڕەکەکان، جەختیش لەسەر بەرگریکردن دەکەن و دەڵێن خۆمان بەدەستەوە نادەین

جێگەی باسە، ئەنجوومەنەکە بە توندی بێدەنگیی ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی شەرمەزار کرد کە گەرەنتی ڕێککەوتنەکانی 10ـی ئازار و 1ـی نیسان بوون و ڕایانگەیاند کە ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە پێشتر دژ بە پێکهاتەکانی وەک عەلەویی و درووزەکان ئەنجام دراون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین