بەرپرسێکی كۆمپانیای نەوتی باکوور بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: باخان ڕەزا

دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ئەمڕۆ شەممە (10/1/2026) دەستە دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک لە ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانیدا و لە ڕێگەی بۆسەیەکەوە بە ئاگاداری دادوەر، سەرۆکی یەکێک لە لیژنە پسپۆڕەکانی کۆمپانیاکەیان لە کاتی وەرگرتنی بڕە پارەیەکدا دەستگیرکردووە، تۆمەتبارەکە لە ساتی وەرگرتنی بەشی یەکەمی ئەو بەرتیلەی داوای کردبوو لەلایەن تیمەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەك لە هاتووە، لە لێکۆڵینەوەکانی نووسینگەی لیکۆڵینەوەی کەرکووک دەرکەوتووە ئەم بەرپرسە پێگەی وەزیفیی خۆی بەکارهێناوە بۆ فشارخستنە سەر بەڵێندەرێک، بە مەبەستی وەرگرتنی بڕی 5,000 دۆلار لە بەرامبەر واژۆکردنی نووسراوی ڕەزامەندی بۆ دوو پڕۆژەی (وەرزشی و گەشتیاری)، پڕۆژەکان بریتی بوون لە دروستکردنی یاریگایەکی تۆپی پێ و بنکەیەکی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەی دەستەی دەستپاكی، دادگای تاوانەکانی کەرکووک دوای وردبینی لە بەڵگەنامەکان و بیستنی وتەی شایەتحاڵەکان، تۆمەتەکەی بەسەر ناوبراودا ساغکردەوە، دادگا پاڵپشت بە یاسا بەرکارەکان، بڕیاری بەندکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەرکرد، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی کارگێڕی و پاراستنی مافی وەبەرهێنەران لە چنگی گەندەڵی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین