ئەمەریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی ئێران دەكات؟! وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

پێشەکی

خۆپیشاندەرەکانی ئێران بەردەوامە و ئاسان نابێت بڵێین سیستەمی حوکمڕانی ئێران لە لێواری داڕماندایە یان کۆتایی دێت، بەڵام ناشتوانین نكۆڵی لەوە بکەین کە نائارامی و ناسەقامگیری لەم چەند هەفتەیەی دواییدا كە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، تارانی پایتەختی خستووەتە ناو سەختترین قەیرانی ناوخۆیی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا.

ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان چەندین هۆکاری جیاوازی لەدواوەیە بۆ نموونە داڕمانی ئابووری لەدەستدانی بەهای دراوی نیشتمانی کە بە خێرایی لە ناوچە جیاوازەکان و لەناو هاووڵاتییاندا بڵاوبوونەتەوە بەهۆیەوە تایبەتمەندی ئابووری نەماوە و بووەتە ئاڵەنگارییەکانی ڕاستەوخۆ بۆ بناغەی سیستەمی سیاسی وڵاتەکە و توڕەیی خەڵک بەرەو قەیرانێکی سیاسی زیاتر دەبێت و تا دێت فراوانتر دەبێت.

هۆکاری ئابووری تەنها تاکە داواکاری خۆپیشاندەران نییە، بەڵکو یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانیان کە هەڕەشە لە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی دەوڵەت دەکات، فشارەکان زیاد دەکات و بوارەکانی تر سنووردار دەکات بەهۆی ئەوەی زۆربەی کەرتەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە پرس و دۆخی ئابوورییەوە لە هەموو وڵاتێکدا. واشنتۆن بە بەردەوامی باس لەوە دەکات، "کات لە بەرژەوەندی تاران نییە و ڕێگەخۆشکەری دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی وڵاتانە لە قەیرانەکە ناوخۆییەکەیدا کە قبووڵکردنی بەردەوامی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە ئاسان نییە".

ئەمەریکا و قەیرانەکانی ئێران

لەگەڵ هەموو پێشهاتەکان و هەنگاوەکاندا ڕۆڵی سەرەکی ئەمەریکا دەردەکەوێت و وەک یەکێک لە هەستیارترین و کاریگەرترین ئەکتەری سەرەکی دەبێت، نەک تەنها بەهۆی ململانێی درێژخایەنی نێوان واشنتۆن و تاران، هەموو چاوەکان لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وەستاوە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕیارەکان دەبێت.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، چەندین جار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بڕیاری داوە دیپلۆماسییانە هەنگاو بنێت و بڕیار لەسەر ئەم پرسە بدات، بەڵام نەیشاردووەتەوە کە زۆر لە نزیکەوە چاودێریی ڕووداوەکانی ئێران دەکات و ئەگەری زۆرە ئێران لە لیواری داڕماندا بێت".

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار بە ئاشکرا باسی لە تەقەکردنی ڕاستەوخۆی خۆپیشاندەران کردووە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە و دووپاتی کردووەتەوە، "خۆپیشاندەرانی بێ چەک، دەستگیر دەکرێن و لە سێدارە دەدرێن کە ئەمە جێگای قبووڵکردن نییە و دۆخەکەی بە ڕەفتاری دڕندانە وەسف کرد".

ترەمپ چەند جارێک جەختی لەوە کردووەتەوە و بە تارانی گوتووە، "هەر توندوتیژییەک بەرامبەر خۆپیشاندەران بکرێت وڵاتەکە ڕووبەڕووی هێرشی زۆر تووند دەبێتەوە لەلایەن ئەمەریکاوە". لە بەرامبەردا پسپۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، "ئەم هەنگاوانە فشار دەخاتە سەر سەرکردایەتی ئێران و پەیامی پشتیوانی مەعنەوی بۆ خۆپیشاندەران دەنێرێت و ورەیان بەرز دەکاتەوە، بەڵام فشارەکانی ئەمەریکا زیاتر دەکات و ئاسان نابێت بتواندرێت بڕیار لە هەنگاوی داهاتووی ئەم وڵاتە بدرێت".

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "واشنتۆن پشتگیری لە هەر کەسێک دەکات کە بە یاسایی و لە ڕێگەی خۆپیشاندانی ئاشتییانە ئامانجییەتی داوای مافی خۆی بکات و ژێردەستەیی قبووڵ نەکات، بە ناڕاستەوخۆ داوای دانووستاندنی نێوان ئەمەریکا و واشنتۆنی کرد". 

هیچ گومانێک لەوە دانییە لە کۆتاییدا تەنیا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری کۆتایی دەدات کە چارەنووسی داهاتووی ئەمەریکا و ئێران چی دەبێت، بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکەی تا ئێستا خۆی بە دوور گرتووە لە باسکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو بەرامبەر ئەم وڵاتە و پشتیوانی کۆمارییەکان بۆ ترەمپ ڕوون و ئاشکرایە، هاوکات دیموکراتەکان پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەردەبڕن.

هەم کۆمارییەکان و هەمیش دیموکراتەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ رژێمی ئێران بکرێت بەرامبەر ئەو توندوتیژی و داڕمانی ئابوورییەی لەم وڵاتەدا هەیە و دەبێت بە خێرایی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات. 

بە گوێرەی لێدوانەکانی کۆشکی سپی و گفتوگۆکانی کۆنگرێسدا چاوەڕوان دەکرێت واشنتۆن لەم قۆناغەدا تەنیا سات بە ساتی دۆخی ئێران تاوتوێ دەکات و لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات و هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و چاوەڕێ دەکات بزانێت لەسەر شەقامەکان چی ڕوودەدات.

وەڵامی ئەمریکا تەنها سنووردار نییە بە کۆشکی سپییەوە بەڵکو کۆنگرێسیش ڕۆڵی هەیە لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا کە چەندین جار ڕەخنەی تووندی لە حکومەتی ئێران گرتووە و بە سیستەمی دیکتاتۆری ناوی بردووە کە دەیان ساڵە لەسەر ئازاری هاووڵاتیان درێژەی کێشاوە و بەردەوام بووە.

هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئێران

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی یەکلایینەبوونەوەی ئەمەریکا بۆ بڕیاردان سەبارەت بە ئێران کە بڕیاردەرانی ئەمەریکا بەوردی چاودێری دەکەن هەڵوێستی نێودەوڵەتییە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بڕیاردانی ئەمەریکا بە تایبەتی بێدەنگی ڕوسیا و چین سەبارەت بە گرژی و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئێران بەهۆی ئەوەی ئەم دوو وڵاتە لەم چەند ساڵەی دواییدا پاڵپشتی سیاسی و ئابوورییان بۆ ئێران دابین کردووە و پێناچێت ئامانجیان بێت دەستێوەردان بکەن لە کاروباری ناوخۆی ئەم وڵاتەدا و بێدەنگیان دەرفەتی زیاتر بە واشنتۆن دەدات بۆ پەرەپێدانی بڕیاردان بەبێ ترس لە ڕووبەڕووبوونەوە و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان.

سەرچاوە: ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین