سودانی نابێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

کێبڕکیی نیوان کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی هات و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نووری مالیکی وەک تاکە کاندیدی ئەم پۆستە دیاریکرد، سودانیش بەفەرمی کشایەوە.

ڕۆژی دووشەممە (2026/1/12) عەدیلە حەمود، ئەندامی پەرلەمان لە بلۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، "چەندین کاندید باسیان لێوە دەکرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵام دوای پاکتاوکردن، گفتوگۆ و بژاردەی جیاواز وەرگرتنی ئەم پۆستە  بۆ دوو لە دیارترین پاڵێوراوەکان مایەوە کە مالیکی و سوودانی بوون و لە کۆتاییدا تەنیا کاندید مالیکی دەبێت".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "سودانی بە فەرمی بڕیاریدا و خۆی لە کاندیدبوون کشاندەوە لە بەرژەوەندی نوری مالیکی، وەرگرتنی ئەم پۆستەی بۆ ئەو جێهێشت و ناوی مالیکی وەک تاکە کاندید لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە خرایەڕوو دوای ئەوەی چوارچێوەکە ئەرکی یەکلاکردنەوەی کێبڕکێی نێوان کاندیدەکانی پێ سپێردرابوو، بەم شێوەیە مالیکی بووە تاکە کاندید دوای لێکتێگەیشتنە ناوخۆییەکان".

عەدیلە حەمود دەشڵێت، "ڕێککەوتنی ناوخۆیی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆتایی بە هەموو ناکۆکییەکی نێوان ئەندامانیان هێنا، هەروەها گفتوگۆی ئاسایی هەبوو و بێ هیچ دژایەتییەک بڕیارەکە درا و کاندیدەکە یەکلایی کرایەوە".

بە گوێرەی زانیارییەکان بە گوێرەی بڕگە دەستوورییەکان بڕیارە ماوەی داهاتوو لە (15) ڕۆژ تێپەڕناکات بۆ تەواوکردنی پرۆسەی دەستنیشانکردنی کاندید و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و متمانە پێدانی لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین