مامەڵەی دارایی بە پسوولەی دەستی لە كڕینی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون قەدەغە کرا کوردستان- عێراق

نوچەنێت: محەمەد عەلی

بەڕێوبەری وەبەرهێنانی هەولێر ڕایگەیاند، بۆ هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون هەژمارێکی بانکی تایبەت کراوەتەوە و چیدیکە نابێت مامەڵەی دارایی بە پسوولەی دەستی بکەن، وەبەرهێنەر نابێت تاكلایەنە مامەڵە بە پارەكە ببات.

ڕۆژی سێشەمە (13/1/2026) سامان عەرەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر ڕایگەیاند، بۆ هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون هەژمارێکی بانکی تایبەت کراوەتەوە، بۆیە هیچ وەبەرهێنەرێک مافی ئەوەی نییە لە شوێن و پێگەی پڕۆژەکەدا پارەی قستی هاووڵاتیان لەبەرامبەر فرۆشتنی موڵكەكانی بە دەست وەربگرێت.

سامان عەرەب زیاتر ڕوونیكردەوە و گووتی، لە تەواوی پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا وەبەرهێنەر ناتوانێت تاکلایەنە دەست بۆ پارەکە بەرێت، پارەکە دەبێت لە ڕێگەی بانکەوە بچێتە سەر هەژماری وەبەرهێنەر و تەنیا بە ئاگاداریی ئێمە خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە شیوازی خەرج کردنی پارەکە بۆ کۆمپانیاکان، سامان عارەب دەشڵێت، هەر کات وەبەرهێنەر ڕێژەیەک لە کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکات، ئێمە بە هەمان ڕێژە، بڕی پارەكەی بۆ خەرج دەکەین.

شایەنی باسە، لە ڕابردوودا چەند کۆمپانیایەک پارەی پێشەکیان وەردەگرت و پڕۆژەکانیش جێبەجێ نەدەكرا، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر دووپاتی دەكاتەوە، ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک پارە لە پێگەی پڕۆژەکە نەدەن و مامەڵەی دارایی بە پسوولەی دەستی نەکەن، تەنیا پسوولەی بانک باوەڕپێکراوە. هەروەها داواکارین گرێبەستەکانیان بهێننە لای ئێمە بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین