وەزیری دەرەوەی تورکیا لەماوەی (24) کاتژمێردا دووجار پەیوەندی بە هاوكاتە ئێرانییەكەیەوە دەکات تورکیە

نوچەنێت

تورکیا نیگەرانە لە هەڵکشانی خۆپیشاندانەکانی ئێران، لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا وەزیری دەرەوەی تورکیا دووجار پەیوەندیی بە هاوتا ئێرانییەکەیەوە دەکات، لەو پەیوەندییەدا جەختی لەسەر دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2026/1/14) ماڵپەڕی (A habar) بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوێنێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجام داوە، لەگەڵ پەرەسەندی گرژییەکان و لەدوای کۆبوونەوەی فیدان لەگەڵ تۆم پاراک باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دووبارە پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندیەکەی فیدان و عێراقچی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کردووە، فیدان باسی لە گرنگی دانوستاندنەکان کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکان، هەروەها دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوخۆی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.

هاوکات دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە دوێنێ نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی ناوخۆیی ئێران راگەیاندوو و گوتی، "پێویستە بە ورییاییەوە چاودێری خۆپیشاندانەکانی ئێران بکەین، ئەمڕۆ رۆژی یەکگرتووی و پێکەوەبوونەوە هەرگیز گەلی ئێران ڕێگە بە دەسەڵاتی ئیمپریالیستی نادات، گرژییەکانی ئێران ‌هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، هەڵوێستی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەدژی ئێران هەنگاوێکی ڕوونە بۆ شەڕێکی دیکەی جیهانی."

جێگەی باسە، لەدوای دابەزینی بەرچاوی تومەنی ئێران، خۆپیشاندانەکانی ئێران رژانە سەر شەقامەکان و تاوەکو ئێستا بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆری قوربانی لێکەوتۆتەوە، سەرۆکی ئەمەریکاش بەردەوامە لە هەڕەشەکردن و هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی ئێران دەدات و دەڵێت، ئەگەر خۆپیشاندەران لە سێدارە بدەن کاردانەوەی زۆر توند و بەهێزمان دەبێت.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین