ئەنجوومەنی وەزیران: گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای بودجە دەبێت نەك مووچە کوردستان- عێراق

نوچەنێت: دەریاز خۆشناو

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بارودۆخی دارایی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنی نەوت تاوتوێ کرد و بڕیاری دانەوەی (7) مووچەی نەدراوی ساڵانی ڕابردوو، بودجەی یەک ساڵ و ڕێژەی (٪14) بکرێتە بنەما بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی نوێی عێراق دا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (14/1/2026) بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆ کران لەوانە، "پوختەی ساڵی (2025) و تاوتوێی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستا بۆ ساڵی (2026)، هەروەها بەدواداچوونی مووچەی مانگەکانی (11) و (12)ـی ساڵی (2025) و زامنکردنی مووچەی ساڵی (2026) و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ تاووتوێ دەکرێت" لە تەوەری دووەمیشدا "جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوت لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی (2025) و بەرەوپێشچوونی بەردەوامبوونی، هەروەها خستنەڕووی داتا و زانیاری سەبارەت بە بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتوو بۆ گەنجینەی فیدراڵ گفتوگۆ کرا".

هەروەها بەگوێرەی ڕاگێیندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "ئەنجوومەنی وەزیران لەم بارەیەوە بڕیاریدا، دانەوەی (7) مووچەی نەدراوی ساڵانی رابردوو، بودجە بۆ یەک ساڵ و ڕێژەی (٪14) بکرێتە بنەما بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بوجەی عێراقدا" ئاماژەی بەمەش کردووە، "لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی هەرێمدا هاتووە کە گفتوگۆی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە دەبێت نەک مووچە؛ جگە لەوەی گفتوگۆ لەسەر بەشەبودجەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیش بکرێت".

هاوکات لەم بارەیەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پێشتر ڕایگەیاند بوو، کە ناردنی لیستی مووچەی مانگی یەک و میزان پێداچوونەوەی مانگی (12) بۆ بەغدا، بەهۆی کێشەی حساباتی و پێداچووونەوە بە دەرماڵەی خێزان، بۆ دوای (12)ـی ئەم مانگە دوادەکەوێت. هەروەها دەشڵێت، هەرکات ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێوەبدات، داهاتی (120) ملیار دینار ئامادە دەکرێت و دەنێردرێت، وە ئاماژەشی پێدا بۆ ئەم مانگە هەموو تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق چارەسەر کراون.

جێگەی باسە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئەیلوولی (2025) بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە. لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، کە بڕگەی یەکەم بە ڕێککەوتنی سێ لایەنەی حکوومەتی فیدراڵ، حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بە هەناردەکردن و بازاڕکردنی نەوتی هەرێم بوو، هاوکات ڕێککەوتننامەکە بە هاوبەشی هەموو لایەک گەڵاڵەکرا و بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕەوانەی حکوومەتی فیدڕاڵ کرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین