ئەمەریكا لەبارەی پێدانی ڤیزای ئەمەریكا ڕوونكردنەوە دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە هەڵپەساردنی مامەڵەکردن بۆ وەرگرتنی ڤیزا تەنها بۆ ڤیزای کۆچبەران جێبەجێ دەکرێت. کۆچبەرانیش بڕیارەکە بە نەرێنی وەسف دەکەن.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ (2026/1/15) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بڕیاری ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی مامەڵەکردن و وادەی چاوپێکەوتن بۆ ڤیزای ئەم وڵاتە تەنها داواکارییەکانی ڤیزای کۆچبەری دەگرێتەوە، مامەڵەکانی تر وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت". پێشتریش ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کردبوو، "بەڕێوەبەرایەتییەکە مۆڵەتی کارکردنی پەنابەران، پەناخوازان و کۆچبەرانی دیکە لە پێنج ساڵەوە بۆ 18 مانگ کورت کردووەتەوە تاوەکو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دۆسیەکانیان دابخرێت و کۆتایی بە پرسەکانیان بێت".

گوتەبێژەکە دووپاتی دەکاتەوە، "ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا هیچ کاریگەری لەسەر داواکارییەکانی جۆرەکانی تر ڤیزا ناکات و مامەڵەی ئەو هاووڵاتییانەی داواکاریان پێشکەش کردووە بۆ گەشتیاری، وەرزشوانان، خێزانەکانیان یان کارمەندانی میدیا کە بۆ ڕووماڵکردنی مۆندیال گەشت دەکەن بەردەوام نابێت و ڕاناوەستێت".

هاوکات بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایدەگەیێنن، "ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پێداچوونەوەیەکی فراوانتر بۆ سیاسەتەکانی کۆچبەران وەک جۆن لە مانگی کانوونی یەکەمی (2025) ئیدارەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بیر لە فراوانکردنی لیستی ئەو وڵاتانە دەکاتەوە کە قەدەغەی هاتووچۆیان لەسەرە و وەرگرتنی داواکاری ڤیزای کۆچبەری ڕادەگرێت یان دەوەستێنێت لە (19) وڵاتەوە بۆ زیاتر لە (30) وڵات".

لە لایەکی ترەوە چەندین پەنابەری وڵاتان کە داواکاری کۆچبەریان پێشکەشی ئەمەریکا کردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، "ئەم ڕێوشوێنانە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پەنابەران، پەناخوازانی ناسراو و ئەو کەسانەی کە داوای پەنابەرێتی یان هەموارکردنی دۆخیان یان هەڵوەشاندنەوەی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە". 

ئەم گوتانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە واشنتن پێدانی ڤیزای کۆچبەری بۆ هاوڵاتیانی (75) وڵات ڕاگرتووە بۆ نموونە، عێراق، ئێران، یەمەن، لوبنان، میسر و سۆماڵ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین