وەزیری سامانە سروشتییەکان: ڕۆژانە (270) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت کوردستان- عێراق

نوچەنێت: دەریاز خۆشناو

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، وردەکارییەکان سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، پڕۆسەی هەناردەکردن و دۆخی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشکرا کرد و دڵنیایی دا کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەماوە.

ڕۆژی چوارشەممە 14/1/2026 کەمال محەممەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی كوردستان بە وەکالەت، لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ڕۆژانە لەنێوان (250) هەزار بۆ (270) هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت و تاوەکو ئێستا (22) ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە". هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە حکوومەتی هەرێم هەوڵدەدات پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ئایندە جێگیربکات و بیکاتە بنەمای سەرەکیی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی داهاتووی عێراق.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری سامانە سروشتییەکان جەخی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دابینکردنی مافە داراییەکان دەکات و هەوڵ دەدات پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی (2026) جێگیر بکات. هەروەها دەشڵێت، "بۆ ئەم مەبەستە حکوومەت لە پەیوەندیی بەردەوامدایە و بەرنامەیەکی تۆکمەی ئامادە کردووە تا ببێتە بنەمایەکی سەرەکی لە دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی داهاتووی عێراق".

هاوکات لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ماوەی ڕێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت تاوەکو (12)ـی مانگی ساڵی ڕابردوو بێت، بەڵام ئەم ماوەیە بۆ (3)ـی مانگی ئازاری ئەمساڵ درێژکراوەتەوە و دووپاتیشی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ ئاستەنگ و کێشەیەک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە و پڕۆسەکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.

هەر لەم بارەیەوە ڕۆژی چوارشەممە (14)ـی کانوونی دووەمی (2026)، کۆمپانیای نەوتی نەرویجی (DNO) ئیڤێنتێکی لە شاری هەولێر بەڕیوەبرد، لە پەراوێزی ئیڤێنتەکەدا وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، "هاتنی ئەم کۆمپانیا بیانییانە سوودێکی زۆری بۆ ئێمە هەبووە، شارەزایی و کارامەییەکە لە دەرەوە هاتە وڵاتەکەمان و هەرێمی کوردستان خرایە سەر نەخشەی وزەی جیهانیی" هەروەها گوتیشی هاتنیان بەڵگەیە بۆ هەبوونی ئاسایش لەم وڵاتەدا.

جێگەی ئاماژەپێدانە لە ئەیلوولی (2025) ڕێککەوتنێکی سێقۆڵیی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی نەوت واژۆو کرا. هاوکات ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەیەکی کاتی بوو و دوای کۆتایی هاتنی یاسای بودجەی عێراق، بەڵام بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژکرایەوە تاوەکو حکوومەتی نوێی عێراق بڕیاری لەسەر بدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین