نەتەوە یەكگرتووەكان: لە سووریا (130) هەزار کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادان ئاوارەبوونە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: هەوار عەرەب

لە ئەنجامی هێرشی سوپای سوریا و گرووپەكانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر هەردوو گەرەکی ئەشرەفییە و شێخ مەحموود لە حەلەب، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی (130) هەزار کەس ئاوارەبوونە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (15/1/2026) فەرمان حەق گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دۆخی هەریەک لە گەرەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەحموود سەڕەرایی ئەوەی هێشتان کێشە و گرفتی تێدا ماوە، خەریکی هەڵگرتنەوەی بۆمب و تەقەمەنییەکانن، هەروەها بەهۆی شەڕەکە نزیکەی (130) هەزار کەس ئاوارەبووونە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی بەردەست تا ئێستا (30) هەزار کەسیش لەو ئاوارانە گەڕانەتەوە سەر ماڵەکانی خۆیان.

لە بارەی پێکهێنانی حکومەت بۆ سوریا فەرمان حەق ئەوەشی باس کردوە کە، ئەوان لە دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەردەوامن لە هاندانی دەسەڵاتدارانی سوریا بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی حوکمڕانی گشتگیر بۆ خەڵکی سووریا، چونکە مافی خۆیانە حکومەتێکیان هەبێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتی بکات، جێی نیگەرانییە بە پێی دواین ڕاپۆرتەکان دەرکەوتووە ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە سوریا زیانیان پێگەیشتووە، دەبێت لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکرێت کە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچەیە کراوە.

فەرحان حەق گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان  سەبارەت بە دانوستان و گفتوگۆی نێوان هەسەدە و دیمەشق دوپاتی کردەوە کە،  پێویستە هەردوولا دان بەخۆیان دابگرن هەتا ئەو شەڕە بەتەواوی کۆتایی دێت دۆخی، ناوچەکە ئاسایی ببێتەوە ئەوکات بەردەوام هانی لایەنەکان دەدەین کە لە ڕێگەی دیالۆگەوە بتوانن مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەن نەوەک بە ڕێگەی تووندوتیژی.

جێی باسە لە (6)ی کانونی دووەم (2026) بەهۆی هێرشی چەکدارانی سەر بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی  کاتی سوریا شەڕ لە هەردوو گەرەکی ئەشرەفیە و شێخ مەحموود لە شاری حەلەب دروست بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس تێیدا کوژران و هەروەها نزیکەی (130) هەزار کەس بەهۆی شەڕەکەوە ئاوارەبوون.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین