ئاستی فرۆشی كۆمپانیای پۆرش بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت ئابووری جیهان

نوچەنێت: هیوا جاسم

كۆمپانیای پۆرشی ئەڵمانی ئاشكرای دەكات، ئاستی فرۆشی لە چین دابەزیوە، بە جۆرێك هەروەك بەرپرسانی ئەو كۆمپانیایە دەڵێن، "لە ساڵی ڕابردوو تەنها (41) هەزار ئۆتۆمبێلیان فرۆشتووە" لەو وڵاتە بەهۆی داڕمانی بازاڕی كاڵا گرانبەهاكان.

ڕۆژی هەینی (17/1/2026) ماڵپەڕی سكای نیوز بڵاویكردەوە، كۆمپانیای پۆرشی ئەڵمانی ڕایگەیاند،  لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دووچاری قەیرانێكی زیاتر بووەوە، لە (2025) لە چین نزیکەی (41) هەزار و (900) ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە، بەڕێژەی (26%) ئاستی فرۆشی دایەزیوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی (2024 ) پاشەكشەیەكی گەورەیە.

كۆمپانیای پۆرش کە خاوەندارێتییەکەی بۆ گرووپی ‌فۆڵکسڤاگن‌ دەگەڕێتەوە، دابەزینی ئاستی فرۆشی ئۆتۆمبێلەكانی دەبێتە چوارەمین پاشەکشەی لەسەریەکی ئەم کۆمپانیایە لە بازاڕی ئۆتۆمبێلدا بەتایبەت لە چین، چونكە لە ساڵی (2021)دا نزیكەی (95) هەزار و (700) ئۆتۆمبێلی وەرزشی و لە جۆری (SUV)  لە چین فرۆشتبوو.

بە گوێرەی لێدوانی كۆمپانیای پۆرش، هۆکاری ئەم پاشەکشە نوێیە دەگەڕێننەوە بۆ بارودۆخی سەختی بازاڕ و کێبڕکێی بەهێز، بەتایبەت لە جۆری ئۆتۆمبێلە مۆدێل کارەباییەکاندا.

ئۆلیڤەر بلوم، سەرۆکی پێشووی كۆمپانیاكە دەڵێت، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار جەختی لەوە کردبووەوە، کە بازاڕی کاڵا گرانبەهاكان لە چین بە کردەوە داڕماوە.

هاوكات بلوم پێش جێهێشتنی پۆستەکەی پێشبینی هیچ گەشەکردنێکی بۆ ئەو كۆمپانیایە نەدەکردبوو، هۆکارەکەشی بۆ دوورکەوتنەوەی بەکارھێنەرە دەوڵەمەندە چینییەکان لە کڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە گەڕاندبووەوە، بەهۆی قەیرانی خانووبەرەوە کە کاریگەری کردووەتە سەر نەختینەی دارایییان (سیولە).

وا بڕیارە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە (2026)، میشائیل لایتەرز سەرۆکایەتیی كۆمپانیای پۆرش، ئۆلیڤەر بلوم لە بەرامبەردا وەك بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایك (فۆڵکسڤاگن) دەست بەكاربێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین