ئێران 16 ملیۆن دۆلاری کرێی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان قەرزدارە ئێران

هاوشێوەی سۆماڵ و باشوری سودانە

رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سەرۆکی کۆڕبەندی رێکخراوەکە کردووە مافی دەنگدان لە ئێران وەربگرێتەوە، چونکە ئێران قەرزدارە. ئێرانیش دەڵێت پارەکە لە کۆریای باشوور وەربگرن، کە 7 ملیار دۆلاری ئێرانی بلۆککردووە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێران 16 ملیۆن دۆلار قەرزدارە، کە پارەی دوو ساڵی مافی ئەندامێتییە لە رێکخراوەکەدا.
 
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: گەمارۆکان رێگرن لە بەردەم پێدانی ئەو پارەیە و دوایین پێشنیازیان ئەوە بووە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان قەرزەکە لەو پارەیەی ئێران بگێڕێتەوە، کە لە کۆریای باشوور بلۆککراوە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئێران، کۆریای باشوور زیاتر لە 7 ملیار دۆلار پارەی نەوتی ئێرانی بلۆککردووە، لە چەند مانگی رابردوودا ئێران زۆری هەوڵیدا بەشێک لەو پارەیە ئازادبکرێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
 
بەپێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر وڵاتێک دوو ساڵ لە دوای یەک پارەی ئەندامێتی نەدا، مافی دەنگدانی لێوەردەگیرێتەوە.
 
بەپێی نامەیەک، کە  ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ولکان بوزکەر، سەرۆکی 75ەمین کۆڕبەندی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە، ئێران 16 ملیۆن و 251 هەزار و 298 دۆلار قەرزداری نەتەوە یەکگرتووەکانە.
 
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت سەرەڕای گەمارۆکان ئێران لە چەند رێگەیەکەوە پارەی ئەندامیێتی داوە و دەشڵێت: ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ خەزێنەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆداین بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی سەلامەت بۆ گواستنەوەی پارە.
 
جگە لە ئێران وڵاتانێکی دیکەی وەک سۆماڵ، لیبیا، باشووری سوودا، نەیجەر، زیمبابۆی، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و کۆنگۆ پارەی ئەندامێتییان نەداوە، بەڵام ئێران قەرزدارترینیانە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین