ئەمەریكا کوژرانی بەرپرسێکی باڵای قاعیدەی ڕاگەیاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سووریا، سەرکردەیەکی باڵای سەر بە ڕێکخراوی قاعیدەیان کوشتووە. هاوکات دووپاتی دەکەنەوە، "بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر تیرۆریستان".

ڕۆژی یەکشەممە (2026/1/18) فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سووریا ئەنجامداوە، لە هێرشەکەدا سەرکردەیەکی باڵای سەر بە ڕێکخراوی قاعیدەیان کوشتووە". هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "ئەوان ئەم هێرشەیان وەک وەڵامێک ئەنجام داوە بۆ ئەو كەمینەی کە مانگی ڕابردوو لە دژی ئەمەریکییەکان ئەنجام درا کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێک".

ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم وردەکاری زیاتر باس دەکات و دەڵێت، "هێرشەکە لە ڕۆژی (2026/1/16) ئەنجام دراوە و ئامانج لێی بەرپرسە باڵاکەی قاعیدە بووە کە وەک سەرکردەیەکی بەئەزموونی گرووپە تیرۆریستییەکان وەسف کراوە کە بەرپرسیار بووە لە داڕشتنی پلانی هێرشەکان دژی ئەمەریکییەکان".

لای خۆیەوە ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بە کوژرانی ئەم تیرۆریستە کە دەستی هەبووە لە کوشتنی سێ هاووڵاتی ئەمەریکی، پەیامێکی ڕوونیان ناردووە و سووربوونی ئەمەریکا نیشان دەدات لە بە بەدواداچوون، چاودێریکردن و بە ئامانج گرتنی ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانیان. چونکە ئەو کەسانەی کە پلانی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمەریکا دادەڕێژن هیچ شوێنێکیان نییە، بە بەردەوامی دەدۆزرێنەوە، تۆڵەیان لێ دەکرێتەوە و دەبێت باجی پلانەکانیان بدەن".

بە گوێرەی ئامارەکان هەوڵەکان بۆ لەناوبردن و بە ئامانج گرتنی تیرۆریستان لە سووریا بەردەوامە ساڵی ڕابردوو هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان زیاتر لە (300) چەکداری داعشیان دەستگیر کردووە، هەروەها زیاتر لە (20) چەکداری دیکەشیان کوشتووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین