هەرێمی کوردستان بەشداری لە پێشانگای فتووری نێودەوڵەتیی دەکات کوردستان- عێراق

نوچەنێت: چرا یاسین

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە گەورەترین پێشانگای جیهانیی لە ئیسپانیا دەکەن، كە وا بڕیارە 21 تا  25ـی کانوونی دووەمی 2026، بەردەوام بێت، کە ئامانج تێیدا برەودانە بە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان و ناساندنی زیاتری بە جیهان.

ڕۆژی یەكشەممە (1/17/2026) سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕێککەوتی 21ـی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو 25ـی کانوونی دووەمی 2026، شاندێکی هەرێمی کوردستان "بەشداری لە پێشانگەی گەشتیاریی نێودەوڵەتیی فتوور لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەکات". هەروەها دەشڵێت، ئەم کۆڕبەندە بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیاکانی کوردستان و ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی "پەرەپێدانی پەیوەندییە گەشتیارییەکان و ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان".

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ئەوەشی خستەڕوو کە شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە: دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی کوردستان، ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.

پێشانگای گەشتیاریی نێودەوڵەتیی فتوور بە چوارەمین گەورەترین پێشانگەی گەشتیاری لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت و نوێنەری زیاتر لە 156 وڵات تێیدا بەشدارن، هەر لەو چوارچێوەیەشدا، بڕیارە لە ڕێککەوتی 26ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆڕبەندێکی دیکەی گەشتیاریی هاوبەش لە نێوان شاندی گەشتوگوزاری کوردستان و وەزارەتی گەشتوگوزاری ئیسپانیا بەڕێوەبچێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین