ترەمپ: چیتر پێویست ناکات بیر لە ئاشتی بکەمەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: پەیام عەلی

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەکانی دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند، بە لەدەستدانی خەڵاتی نۆبڵەوە دەبەستێتەوە و لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک وەزیرانی نەرویج دەڵێت، "چیتر پێویست ناکات تەنها بیر لە ئاشتی بکەمەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە (2029/1/19) ماڵپەڕی گاردیان بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نامەیەکدا کە بۆ یۆناس گار ستۆرە، سەرۆک وەزیرانی نەرویجی ناردووە، تێیدا هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند دەبەستێتەوە بەوەی کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێنەبەخشراوە و دەڵێت، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وڵاتەکەتان بڕیاری دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێ نەبەخشێت، لەپای ئەوەی 8 شەڕ و زیاترم وەساندووە، ئیتر هەست بە ناچاری ناکەم تا بیر لە ئاشتی بکەمەوە"، هەروەها دەشڵێت، بیر لەوە دەکەمەوە کە باش و گونجاوە بۆ ئەمریکا.

لەبەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی نەرویج بۆ ڕۆژنامەی ڤی جی نەرویجی، ئاشکرایکردووە، سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی نامەیەکدا کە لە لایەن یۆناس گار ستۆرە و ئەلیکساندەر ستەب، سەرۆکی فینلاندوە ئاڕاستەی کرابوو، کە دژایەتی بڕیارەکەی ترەمپ دەکەن بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیاندا، بەهۆی ڕەتکردنەوەیان بە ڕێگەدانی بە ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند، دەڵێت، “دوای ئەوەی نەیتوانی خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت، بۆیە نایەوێ بیر لە ئاشتی بکاتەوە."

جێی باسە، ترەمپ لەم چەند هەفتەیەی دواییدا لێدوانەکانی دژی گرینلاند توندتر کردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمەریکا بە هەر شێوەیەک بێت کۆنتڕۆڵی دەکات. لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە دابوو، کە ئێستا کاتییەتی و جیهان پارێزراو نابێت ئەگەر کۆنترۆڵی تەواو و گشتگیرمان بەسەر گرینلانددا نەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین