شێوەكارێكی کورد نازناوێكی جیهانی لە وڵاتی میسڕ پێبەخشرا کولتوور

نوچەنێت: دنیا ئەحمەد

فێستیڤاڵی بۆنە رۆشنبیرییەکان دوێنێ لە وڵاتی میسڕ بەرێوەچوو، هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووسی کورد، یەحیا ئەربیلی خەڵاتی نازناوی باڵیۆزی ئاشتی پێبەخشرا، لەوبارەیەوە دەڵێت، لە کارەکانمدا زیاتر گرنگی بە لایەنی ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان دەدەم، بۆیە ئەوان پێیان باش بوو کە ئەو نازناوە بەمن ببەخشن.

ڕۆژی دووشەممە (2025/1/19) یەحیا ئەربیلی وەک هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووسی کورد لە وڵاتی میسر بەشداری لە فێستیڤاڵی بۆنە رۆشنبیرییەکان کرد، لەلایەن لێژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکان و بۆنە رۆشنبیرییەکان خەڵاتی باڵیۆزی ئاشتی پێبەخشرا، سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو نازناوەی ئەربیلی دەڵێت، ئەو نازناوە بەهۆی ئەوە بەمن بەخشرا لەبەر ئەوەی بۆ چەندینجار بەشداریم کرد لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەوانەی کە لە وڵاتی میسڕ بەڕێوەدەچوو، لە وڵاتی میسڕ زیاتر گرنگی بە لایەنی ڕۆشنبیری و هونەری دەدەن.

ئەربیلی باسی لەوەش کرد، من بۆ ماوەی (10) ساڵە لە چالاکییە هونەری و رۆشنبیرییەکانی وڵاتی میسڕ بەشداریم کردووە، هەروەها چەندینجار خۆیان پەیوەندیان پێوە کردووم تا لە فێستیڤاڵ و بۆنەکانیان ئامادەبم، لەزۆربەی بۆنە و فێستیڤاڵەکانی وڵاتی میسڕ بە چەندین چالاکی لەبواری رۆشنبیری و هونەری بەشداریم کردووە، لەهەموو چالاکییەکانیشیاندا پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانم گەیاندووە.

696e678e04430_1768737163_kurdistan24.jpg

هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووس دەشڵێت، ئەو نازناوە بە شایەنی خۆم دەزانم، کارەکانمدا زیاتر گرنگی بە لایەنی ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان دەدەم، بۆیە ئەوان پێیان باش بوو کە ئەو نازناوە بە من ببەخشن، وەکو ئاشتیخوازێک لەو ڕێگەیەوە بتوانین ئەو جەنگ و ناخۆشیانەی کە ئێستا لە وڵاتاندا ڕوودەدات، ئەو رق و کینەی کە لە دڵەکاندا هەیە بتوانین لێیان دووربکەوینەوە و ئاشتی لەشوێنی ئەوانەدا بچێنین تاوەکو بەروبوومێکی زۆر جوان بگەیەنینە دەوروبەرمان و ببینە کەسێکی سوودبەخش بۆ خزمەتکردن بە گەل و نەتەوە و شارەکەی خۆمان.

جێگەی باسە، یەحیا ئەربیلی لەدایکبووی شاری هەولێرە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە ژمێریاری و بەکالۆریۆس لەیاسا، لە ساڵی (2010) کاری پارێزەری کردووە و ئێستایش یاریدەدەری دادوەرییە سەر بە وەزارەتی داد، لە ساڵی (1993) دەستی کردووە بەکاری خۆشنووسی و ساڵی (1994) یەکێک دەبێت لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین