مەسرور بارزانی بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس دەکات کوردستان- عێراق

نوچەنێت: سنوور یاسین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس کرد، پەیامێکی لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس پێشکەش کرد، ڕایگەیاند، "دەرگای ماڵی کوردستان لە داڤۆس کراوە دەبێت بۆ گفتوگۆکردن".

ڕۆژی دووشەممە (2026/1/19) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەو سویسرا بەڕێ کەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس کە ڕۆژانی (2026/1/23-19) لە داڤۆسی سویسڕا لەژێر ناونیشانی (ڕۆحی گفتوگۆ) بەڕێوە دەچێت. لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "خۆشحاڵە کە چەندین ساڵە بەشداری کۆڕبەندەکە دەکات، لە چەندین ڕۆژی داهاتوودا گفتگۆی بنیاتنەر دەکات لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان، کۆڕبەندی داڤۆس کۆکەرەوەی بەرپرسانی وڵاتانی جیاوازی جیهانە".

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت زنجیرەیەک کۆبوونەوە، دیدار لەگەڵ سەرۆک، سەرکردە باڵاکان و خاوەنکارانی جیهانی دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. هەروەها باس لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان بە ئامانجی بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز لە هەرێمی کوردستان دەکات.

کۆڕبەندی داڤۆس بۆ یەکەم جار لە (1971) بە دەستپێشخەریی کلاوس شواب، ئابووریناسی گەورەی ئەڵمانی دامەزراوە، ئامانج لێی دروستکردنی کەشێکی فراوانی گفتوگۆی ئابووری بووە لەسەر ئاستی سەرکردە سیاسی و بارزرگانییەکان لە وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا دواتریش وڵاتانی تری جیهانی گرتەوە. سەرچاوەی خەرجی ئەو کۆڕبەندە، وڵاتانی بەشداربوو دەیدەن. کۆی داهاتی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەگاتە (200) ملیۆن فرەنگی سویسری و نیوەی بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە خەرج دەکرێ و نیوەکەی تریشی دەدرێتە کرێی لیژنەی جێبەجێکار.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین