سەرۆکی سەندیکای زێرەنگران: ناتوانین بەرزترین نرخی دیاریکراو بۆ زێڕ دیاری بکەین کوردستان- عێراق

تایبەت بە نوچەنێت: سنوور یاسین

نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد، سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگرانی هەولێریش دەڵێت، "سەرەڕای بەرزی نرخەکەی، هێشتا خواستێکی زۆر لەسەر زێڕ کڕین هەیە".

ڕۆژی پێنجشەممە (22/1/2026) هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگرانی هەولێر لە لیدوانێکی تایبەتدا بە نوچە نێتی ڕاگەیاند، "نرخی کڕینی یەک مسقاڵ زێری عەیار (21) لە بازاڕی هەولێر (1,025,500) دیناری عێراقییە". هاوکات دووپاتی دەکاتەوە، "لەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ بە خێرایی زیاتر بەرز بووەتەوە ئەگەرچی نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە، بەڵام خواست زۆر زۆرە لەسەر کڕینی ئەم کانزایە و بەردەوام لە زیادبووندایە، هاووڵاتییان بە مەبەستی قازانج کردن لە داهاتوودا زێڕ دەکڕن".

سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگرانی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "لە داهاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئاسان نییە نرخێکی دیاریکراو بۆ بەرزترین ئاست دیاری بکرێت و بڵێین لەم نرخە دەوەستێت، هەموو جۆرە زێڕێک لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەکڕدرێت بەڵام خواستی زیاتر لەسەر کڕینی لیرەیە".

بە گوێرەی گوتەکانی هەندرێن وەرتی، "بەرزبوونەوەی نرخی زێر جیهانییە، خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی زێر هەیە لە بازاڕەکانی جیهاندا و بازرگانان لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە بە وردی چاودێری نرخی زێر دەکەن بەهۆی ئەوەی پێیان وایە باشترین قازانج لە کڕینی زێڕی زیاترە بە بەردەوامی چونکە وڵاتان بەردەوامن لە مامەڵەکردن، کڕین و دەرهێنانی زێڕ". هەروەها دەشڵێت، "هەموو ئەو گوتانەی لەسەر بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا ڕاستن و تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە".

جێگەی باسە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا نرخی زێر بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بە جۆرێک ساڵ بە ساڵ زیاتر بەرز بووەتەوە. وەک سەرۆکی سەندیکای زێرەنگرانی هەولێر جەخت دەکاتەوە، "بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی (2025) نرخی کڕینی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار (21) نزیکەی (500) هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین