ئێران به‌ربه‌ست بۆ كاندیده‌كانى سه‌رۆكایه‌تى داده‌نێت وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا کەمتر لە یەک هەفتەی ماوە بۆ دەستپێکی ناونووسی کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، ئەنجومەنی چاودێری ئەو وڵاتە، گەڵاڵەیەکی وەک "یاسا" بە وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند بۆئەوەی بە ڕەچاوکردنی چوار مەرجی نوێ، پێوەر و سنووری کاندیداکانی پۆستی سەرۆک کۆماری دیاری بکات و بە گوتەی یەکێک لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە ڕێگری لە دۆخی نالەبار و ئاڵۆزی ناونووسی کاندیداکان بکات.

ڕۆژی هەینی حه‌وتی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی " هەڵبژاردنەکانی ئێران: ئەنجومەنی چاودێری کەوای کاندیده‌کانی تەسکتر کردەوە" کە "مەسعوود ئازەر" نووسیویەتی بڵاوی کردەوە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو گەڵاڵە نوێیە، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە دژی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی چاودێری لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەری هەڵدا و لە بەرانبەردا چەند نوێنەرێکی پەرلەمان کە پێشتر هەوڵی پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردنەکانیان دابوو، پێشوازییان لەو گەڵاڵە کرد.

ئەنجومەنی چاودێری لە پێگەی دانەری یاسا!

ئەنجومەنی چاودێری ڕۆژی چوارشەممە، لە هەڵویستێکی بێ وێنەدا، مەرجی بڕوانامەی ماستەر، تەمەنی ٤٠ تا ٧٥ ساڵ، ئەزموونی کاریی لە دەزگا حکومییەکان و نەبوونی هیچ جۆرە تاوانێکی بە یاسای هەڵبژاردنەکان زیاد کرد. واتە ئەو کەسانەی خاوەن ئەو مەرجانە نەبن، ناتوانن وەک کاندید ناونووسی بکەن.

ئەو مەرجانە هەندێ سنوور بۆ چالاکانی سیاسیی و کاندیداکانی پۆستی سەرۆک کۆماریی دادەنێت و ئەوە لە کاتێکدایە کە مادەکانی ٩٩ و ١١٨ی دەستووری ئێران ڕۆڵی چاودێرییان بۆ ئەنجومەنی چاودێری لە هەڵبژاردنەکاندادیاری کردووە "نەک دانانی یاسا"، بە گوتەی "نەجاتوڵا ئیبراهیمیان" یەکێک لە ئەندامانی پێشووی ئەنجومەنی چاودێری، ئەگەر ئەو ئەنجومەنە پێشتر گەڵاڵەیەکی هەبووە، ناوخۆی و ناو ڕێکخراوەیی بووە و ئەم گەڵاڵە نوێیە لەگەڵ دەستوور ناخوێنێتەوە.

 

ئێران له‌ دوایین ساتدا كۆمه‌ڵێك مه‌رج بۆ كاندیدانى
سه‌رۆكایه‌تى كۆمار زیاد ده‌كات 



ئەنجومەنی چاودێری لە وەڵامی ڕەخنەکاندا دەڵێت ساڵی ٢٠١٦ سیاسەتە گشتییەکانی هەڵبژاردن لە لایەن ئایەتوڵا خامنەییەوە ڕادەستی ئەو ئەنجومەنە کراوە بۆ ئەوەی کاندیده‌ شیاو و لێهاتووەکان لە ڕووی سیاسیی و مەزهەبییەوە دیاری بکرێن و ناویان ڕابگەیێندرێت. کەوابوو ئەوە ڕابەری ئێرانە ئەو مۆڵەتەی بەوان داوە و ساڵی ٢٠١٧یش بە مەبەستی ڕوونبوونەوەی ئەو پرسانە هەندێ لەو سیاسەتانە پەسەند کراون و ئەوە بابەتێکی نوێ نییە.

ئەو گەڵاڵەیەی ئەنجومەنی چاودێری لە کاتێکدا ڕاگەیێندراوە کە پەرلەمانی یازدەهەم بۆ ماوەی چەند مانگ سەرقاڵی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بوو و هێشتا کێشەی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی چاودێری سەبارەت بە چەند مادەیەکی جێی مشتومڕی ئەو یاسایە یەکلایی نەبووەتەوە. ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران [کە یەکێک لە ئەرکەکانی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی چاودێرییە] سەرقاڵی تاوتوێکردنی ناکۆکی و جیاوازی بیروبۆچوونی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی چاودێرییە و هێشتا لەوێش یاسای هەڵبژاردنەکان یەکلا نەکراوەتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوە ئەنجومەنی چاودێری یاسای هەڵبژاردنەکانی بە وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاندووە.

هەندێ لە یاساناسان و لەوانە نیعمەت ئەحمەدی دەڵێ، "ئەنجومەنی چاودێری سەبارەت بە دۆسیەیەک ڕوونکردنەوەی داوە کە خودی دۆسیەکە [یاسای هەڵبژاردنەکان] هێشتا وەک یاسا پەسەند نەکراوە ".

ئەحمەدی لە گفتوگۆ لەگەڵ ماڵپەڕی ئافتاب نیوز وێرای ئاماژەکردن بە بنەماکانی دەستوور و ئەم گەڵاڵە دواییەی ئەنجومەنی چاودێری گوتویەتی "ئەگەر ئەو گەڵاڵەیە یاسایە، پێویستە پەرلەمان بینووسێت، ئەگەر تەفسیرە هەمدیسان بە پێی مادەی ٧٣ی دەستوور، دەبێ پەرلەمان تەفسیری بکات".

خامنەیی و پێشێلکردنی دەستوور

دەبوایە ساڵی ٢٠١٦ عه‌لى خامنەیی بە پێێ دەستوور پەرلەمانی ڕاسپاردایەك بۆ لێکدانەوەی سیاسەتە گشتییەکانی هەڵبژاردنەکان و لەوانە پێناسەکردن و دیاریکردنی مەرجەکانی کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی، بەڵام ئەو کات هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان تازە ئەنجام درابوون و زۆربەی نوێنەران لە بەرەی ڕیفورمخوازەکان بوون و پەرلەمان تووشی گۆڕان ببوو، بۆیە ئەرکی دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی هەڵبژاردن ڕادەستی ئەنجومەنی چاودێری کرا بۆ ئەوەی لە شوێنێکەوە تێپەڕێت کە جێی دڵنیایی [خامنەیی] بێت.  

ئەوە جاری یەکەم نییە کە بڕیارەکانی خامنەیی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کاریگەری دادەنێت. مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٤ و دوای ڕووداوەکانی پەرلەمانی شەشەم کە بووە هۆی ناڕەزایەتی ڕابەری ئێران، خامنەیی لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێری گوتی چەندین جار لەگەڵ ئەحمەد جەنەتی [سەرۆکی ئەنجومەن] و هاوکارەکانی قسەی کردووە و داوای لێکردوون کاندیدە لێهاتوو و شیاوەکان دیاری بکرێن. هەر ئەو ئاماژەیە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی پەرلەمانی شەشەم و ژمارەیەکی زۆر لە کاندیداکانی نوێنەرایەتی پەرلەمان بۆ خولی حەوتەم ڕەت بکرێنەوە و ڕێگای بەشداریکردنیان پێ نەدرێت.

بە خوێندنەوەی زۆرێک لە ڕەخنەگران، ئەنجومەن چاودێری بەم گەڵاڵە نوێیەوە، هەنگاوێکی تری هاوێشتووە و جگە لە تەفسیرکردنی دەستوور و چاودێری و دیاریکردنی شیاویی یان نەشیاویی کاندیداکان، خۆی وەک دانەری یاسا ناساندووە. بەو جۆرە دەتوانێ یاسا دابنێت و تەفسیری بکات و هەروەها بەو مۆڵەتەی کە پێی دراوە کاندیدایەکی تایبەت رەت یان پەسەند بکات. بە واتایەک، هەموو کاروباری هەڵبژاردنەکان لەژێر دەسەڵاتی ئەو ١٢ ئەندامەی ئەنجومەنی چاودێریدایە و خۆیان دەیبڕن و خۆشیان دەیدوورنەوە.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێری لە ڕێگای دامودەزگاکانیانەوە و لەوانە "ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی چاودێری" ئاراستە و چارەنووسی وڵات دیاری دەکەن و جگە لە باڵادەستەکەیان [خامنەیی] وەڵامدەرەوەی هیچ شوێنێک نین. پێشتر مەحمود سادقی، نوێنەری پێشووی تاران لە پەرلەمان، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە بەرانبەر وەرگرتنی چەندین ملیار تمەن پارە لە چەند کاندیدایەک، ڕێگەیان داوە وەک کاندید ناوی خۆیان بنووسن.

سەرەڕای ڕەخنەی جدی لە سیاسەتەکانی ئەو ئەنجومەنە، بەڵام پاڵپشتی سەرەکی ئەو ناوەندە ڕابەری ئێرانە. ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئایەتۆڵا خامنەیی جارێکی تر جەختی لەسەر ئەرک و ڕۆڵی ئەنجومەنی چاودێری کردەوە و باسی لە تایبەتمەندییەکانی کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی کرد و گوتی" بڕێ جار شتانێک لە هەندێ کەس دەبیسیت، وەک بڵێی دەستووری وڵاتیان قەبووڵ نییە... بۆیە بە جدی داواکارین ئەو بابەتە ڕەچاو بکرێت" و ئەم "داواکارییە جدییە" دەبێ لە لایەن ئەنجومەنی چاودێرییەوە گرنگی پێ بدرێت. هەر ئەو ڕۆژە گوتەبێژی ئەنجومەنی چاودێری ڕایگەیاند قسەکانی ڕابەر "نەخشەڕێگا"یە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

لێکدانەوەی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا و بە تایبەت هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی دەرخەری هاوئاهەنگی نێوان ئەنجومەنی چاودێری و ڕابەری ئێرانە. خامنەیی سەداسەد بەرگری لە سیاسەتەکانی ئەنجومەنی چاودێری و بە تایبەت ئەحمەد جەنەتی کردووە و ئێستاش دەیکات و جەنەتیش وەک کەسایەتیێکی کاریگەر، سوپاسی ئەو پشتیوانیانە دەکات، بە جۆرێک کە ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی لیژنەی ناوەندیی چاودێری هەڵبژاردنەکاندا گوتی "قسەکانی خامنەیی دەکەینە چەق و بنەمای کارەکانمان" و "ئەرکی شەرعی، ئەخلاقی و یاسایى خۆمان جێبەجێ دەکەین". جەنەتی هەفتەی پێشووش گوتبوی "بە وردبینی زیاترەوە" لێکۆڵینەوە سەبارەت بە شیاوی و لێهاتوویی کاندیداکان دەکەین.

 

به‌هۆى ده‌زگاى چاودێریى و خامنه‌یى 
هه‌لى به‌رده‌م كاندیدانى سه‌رۆكایه‌تى سنووردار ده‌كرێن

 

کێن ئەوانەی ڕەنگە ڕەت بکرێنەوە؟

تەحان نەزیف، ئەندامی یاساناسی ئەنجومەنی چاودێری لە هەڵوێستێکدا بۆ بەرگری لە گەڵاڵەکەی ئەنجومەن گوتویەتی، ئامانجی ئەو گەڵاڵەیە ڕێگریکردنە لە ناونووسی ژمارەیەکی زۆر کاندیدا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی: "ئەو دۆخە ناخۆشە سەرنجی میدیا ناوخۆیی و بیانییەکان ڕادەکێشێ و گرتە ڤیدیۆ تەنزەکانی تا ماوەیەکی زۆر لەسەر ئینتەرنێتیش دەساودەس دەبن و ئەوەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی خەڵک و بەرپرسانی وڵات".بەڵام گەڵاڵەکەی ئەنجومەنی چاودێری سیاسەتوانە ناسراوەکانیش دەگرێتەوە.

لەو کاتەوە کە گەڵاڵەکەی ئەنجومەنی چاودێری بڵاو کراوەتەوە، ناوی ئەو کەسانە هاتە ئاراوە کە لە میدیاکاندا ڕایانگەیاندبوو یان پێدەچوو کە ناوی خۆیان وەک کاندیدی سەرۆک کۆماریی تۆمار بکەن. محەمەد غەرەزی، ئەسەدۆڵا بادامچیان و محەمەد جەواد ئازەر جەهرۆمی لەو کەسانە بوون کە بە هۆی ئەوەی تەمەنیان کەمتر یان زیاتر لەو تەمەنەیە (٤٠ تا ٧٥ ساڵ) کە ئەنجومەن دیاری کردووە لە مافی بەشداربوون بێبەش دەکرێن و کەسانێک وەک مستەفا تاجزادە، سەعید محەمەد، موحسێن هاشمی و سادق خەڕازی بە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە دامودەزگاکانی حکومەتدا پۆستی باڵایان نەبووە یان پێشتر زیندانی کراون وهتد بە پێی ئەو گەڵاڵەیە شیاوی ئەوە نین ناویان وەک کاندید بنووسن.

کاردانەوەکان چی بوون؟

زۆربەی کاردانەوەکان سەبارەت بە گەڵاڵەکەی ئەنجومەنی چاودێری لە لایەن چالاکانی سیاسیی نزیک لە ڕیفۆرمخوازەکان و میدیاکانی نزیک لەو بەرە بوو کە پێیان وایە ئەو گەڵاڵەیەی ئەنجومەن چاودێری ئەوانی کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی بازنەی چالاکییەکانیان "بەرتەسکتر" بکاتەوە.

ئازەر مەنسووری، جێگری سکرتێری حزبی "اتحاد ملی" [هاوپەیمانی گەل] وەک کوتەبێژی "بەرەی ڕیفورمخوازانی ئێران" داوای لە حکومەت کرد ئەو گەڵاڵەیە قەبووڵ و جێبەجێ نەکات. مەنسووری گوتی "ئەو ئەنجومەنە ناتوانێ خۆی پێچەوانەی یاسا کار بکات. پەسەند کردن و ڕاگەیاندنی مەرجەکانی کاندیدبوون بۆ سەرۆک کۆماریی لە لایەن ئەو ئەنجومەنەوە بۆ حکومەت پێچەوانەی یاسایە".

حەسەن خومەینیش گوتی " لەو دۆخەی ئێستا ڕازی نین" و "ئێران لە زۆر گەورەترە لە دوو، سێ کەس". حەسەن خومەینی یەکێک بوو لەو کەسانەی ریفورمخوازەکان هیوادار بوون وەک نوێنەری خۆیان ناوی بنووسن بەڵام بە پێشنیاری ئایەتۆڵا خامنەیی خۆی کشایەوە و ڕایگەیاند کە ناونووسی ناکات.
 
بەڵام ڕۆژنامەی کەیهان [نزیک لە ڕابەری ئێران] ڕۆژی پێنجشەممە لە گەڵاڵەکەی ئەنجومەنی چاودێری پێشوازی کرد و لە مانێشتی سەرەکیدا نووسی "کۆتایی بەزمی ناونووسی گۆترەیی دوای ڕاگەیاندنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان" و ئەو گەڵاڵەیە بە هۆکارێک بۆ ڕێکوپێککردنی ناونووسی لە هەڵبژاردنەکان وەسف کرد.

ڕۆژنامەی "اعتماد" نزیک لە بەرەی ڕیفورمخوازەکان بە مانێشتی "گۆڕینی یاسا لە دوایین چرکەدا" نووسی "مشتومڕی لایەنگران و دژبەرانی گەڵاڵەکەی ئەنجومەنی چاودێری لە ڕووی قانوونییەوە، مشتومڕێکی ناهاوسەنگە بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەی سیاسیی ئێران هەر لە ئێستاوە خۆیان دەرخستووە".

ڕۆژنامەی "ێرمان ملی"، ڕۆژنامەیێکی تری نزیک لە ڕیفۆرمخوازەکان بە مانێشتی "مەگەر ئەنجومەنی چاودێری دانەری یاسایە؟" ڕەخنەی لەوە گرت کە لایەنێک دەستی باڵای لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە و نووسی پێشتریش یاسای دیاریکردنی شیاوی و لێهاتوویی کاندیدەکان ژینگەی بۆ ناونووسی ڕیفورمخوازەکان بەرتەسک کردبووەوە و بەم گەڵاڵە نوێیەش دۆخەکە دژوارتر دەبێت.

 

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین