تا ئێستا ژمارەی قوربانییان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران گەیشتووەتە نزیک پێنج هەزار قوربانی ئێران

نوچەنێت

دوای تێپەڕینی (25) ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکانی وڵاتی کۆماری ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانای ئەو وڵاتە، نوێترین ئاماری قوربانییانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە (4902) کەس و (7389) کەسی دیکە برینداربوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22/1/2026) رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە (25)مین ڕۆژی ناڕەزاییە سەرتاسەرییەکانی وڵاتی کۆماری ئێران، ئاماری قوربانییان و دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تا ئێستا ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە (4902) کەس و لەناو ئەم ژمارەیە 40 منداڵ و 209 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان هەن. 

بە گوێرەی ئەم ئامارە، ڕێکخراوەکە لە هەوڵدان بەردەوامە بۆ بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوەی ژیانی (9387) قوربانی دیکە، کە تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە، هەروەها لەم ئامارەدا (7389) کەسی دیکە برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە و پێویستی بە چارەسەری ڕاستەوخۆ هەیە. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە دەست هێزەکانی حکومەتی ئێران تاوەکو ئێستا بە 26 هەزار و 541 خۆپێشاندەر دەخەملێندرێن.

هاوکات لە ڕاپۆرتی رێکخراوی هەرانادا هاتووە، کە لە ژمارەی دەستگیرکراوەکان تا ئێستا میدیا فەرمییەکانی ئێران توانیویانە دانپێدانانی زۆرەملێی 181 کەس بڵاوبکەنەوە، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون. لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران چالاکوانان بە هۆی ئاژاوە و شێواندنی بازاڕ و بانک و شوێنە گشتییەکان دەزانێت، بۆیە بڕیاری دەستگیرکردنیان بە پێویستی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ وڵات ناودەبات. 

ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە هاووڵاتییانی دەوڵەتی کۆماری ئێران لە (28/12/2025) دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن، خۆپیشاندانیان لە شاری تاران دەستپێکرد و دوای جەند ڕۆژێکی کەم خۆپیشاندانەکان بەرەو پارێزگاکانی دیکە چوو، گرژی و تووندوتیژی لەگەڵ هێزەکانی حکومەت  لێکەوتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین