سەرۆك بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتالیا كۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆک بارزانی لە ڕۆما لەگەڵ گویدۆ كرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا كۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دووپاتی کردەوە، "نابێ گەلی كورد ئازار بدرێت و دەبێ بپارێزرێن و بە ئازادی بژین."

ئەمرۆ پێنجشەممە (2026/1/22) بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە،  لە درێژەی سەردانەكەی بۆ ئیتاڵیا لە شاری ڕۆما سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ گویدۆ كرۆسێتۆ وەزیری بەگریی ئیتالیا كۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد، "هەروەها ستایشی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی كە وەك پێشمەرگەیەك تەمەنی خۆی لەو ڕێگەیەدا تەرخان كردووە."، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بە هەرێمی كوردستان دا، "وەك نموونەیەكی پێكەوەژیان و سەقامگیری و بە جێگەی شانازیی لە قەڵەم دا. ئەوەشی خستەڕوو كە ئیتالیا دۆستی نزیكی گەلی كوردە و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە".

هەر لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە لەو كۆبوونەوەیەدا، "باس لە دوایین پێشهاتەكانی سووریا و بارودۆخی ڕۆژئاڤا كرا."، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، "کە دەبێ گەلی كورد لە سووریا پارێزراو بێت."، هەر پەیوەست بە بارودۆخی كورد لە سووریا وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئەوەی دووپات كردەوە، "كە نابێ گەلی كورد ئازار بدرێت و دەبێ بپارێزرێن و بە ئازادی بژین."

جێگەی باسە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەردانێکێکی فەرمی بۆ ئیتاڵیا، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا دوێنی لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم پاپای ڤاتیکان و جێگری سەرۆک وەزیرانی و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە و ئەمڕۆش چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دا.   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین